سەروەر هاواری: نوخبەیەک لە حکوومەتی عێراق نایەوێت کوردستان ببێت خاوەنی هیچ شتێک

سەروەر هاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
سەروەر هاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، نوخبەیەک لەناو وەزارەتەکانی حکوومەتی عێراقدا هەیە، نایانەوێت کوردستان قازانج بکات، جۆرێک قسە دەکەن کە ئەوان مەرکەزن نەک حکوومەت.

ئەمڕۆ، دووشەممە، 2ـی حوزەیرانی 2025، سەروەر هاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "حکوومەتی عێراق چەندان کێشەی بۆ کوردستان دروست کردووە، کە تا ئێستا هاووڵاتییانی کوردستان بەو کێشانەیان نەزانیوە. بۆ نموونە بابەتی جووڵەی بازرگانی و بازرگانیی دانەوێلە، هەروەها بابەتی مۆڵەتی هاوردە و هەناردە. ڕێگەنەدان بە بەرهەمەکانی کارگەکان، پشت نەبەستن بە کاری بازرگانی و کۆمپانیاکان."

بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەڵێت: کارگەکان لە هەرێمی کوردستان ژمارەیان چوار هەزار کارگەیە بە هەموو جۆرەکانییەوە و هەموویان خۆماڵین، تەنیا هەندێکیان نەبێت ڕەگەزی بیانین، ئەم کارگانە سەدا 75ـی بەرهەمەکانیان دەچێت بۆ خوارو و ناوەڕاستی عێراق.

دەشڵێت: عێراق تا ئێستا نەیتوانیووە بەرهەمهێکی پیشەسازیی بۆ ناوخۆی خۆی دروست بکات، هەرێمی کوردستان هاوکار بووە بۆ حکوومەتی عێراق، حکوومەتی عێراق کێشە بۆ بەرهەمەکانی کوردستان دروست دەکات بەهۆی ئەو نوخبەیەی لەناو حکوومەتی عێراقیدا هەیە.

سەروەر هاواری ڕاشیگەیاند "نوخبەیەک لەناو حکوومەتی عێراق لە وەزارەتەکانیدا هەیە، نایانەوێت کوردستان قازانج بکات، جۆرێک قسە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکەن کە ئەوان مەرکەزن نەک حکوومەت؛ واتە، بە هیچ شێوەیەک نایانەوێت کار بە دەستوور بکەن و بگەڕێنەوە بۆ دەستوور. حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێچەوانەی حکوومەتی عێراق، خاوەنی پەرلەمان و داهات و وەزارتی خۆیەتی، پێویستە کاری دەوڵەتداری خۆی بکات."

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment