کازمی قۆناغێکی نوێی هاریکاری ئابووری لەگەڵ ئەمەریکا رادەگەیەنێت

پەیوەندیی هەردوو وڵات پێدەنێتە قۆناغێكی نوێ

K24 - ھەولێر

دوای ئەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا کۆبووەوە، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، قۆناغێکی نوێی هاریکاری لەنێوان وڵاتەکەی و ئەمەریکا دەستپێدەکات.

سەرۆک وەزیرانی عێراق لە تویتێکیدا رایگەیاند، کۆبوونەوەیەکی پڕ بەرهەمی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا ئەنجامداوە و پەیوەندیی هەردوو وڵات پێدەنێتە قۆناغێكی نوێی هاریکاری بۆ ئەوەی لە پاشماوەکانی داعش رزگارییان بێت و پەرە بە هاوپەیمانیێتی ئابووری بدەن.

لە بەرامبەردا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاند، کۆمپانیاکانی وڵاتەکەی لە چەندین پڕۆژەی بە دواداگەڕانی نەوت لە عێراق کاردەکەن.

ئەو کۆبوونەوەی کازمی لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا دوای واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ پێنج گەورە کۆمپانیای وزەی ئەمەریکی دێت، کە هاوکاری عێراق دەکەن، بۆئەوەی لە بواری وزەدا سەربەخۆبێت و پێویستی بە ئێران نەمێنێت.

هاوکات سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەدا کە ئامادەکاری تەواو دەکەن، بۆئەوەی بەربەستەکان هەڵگرن و ئاسانکاری بۆ کۆمپانیا ئەمەریکییەکان بکەن.