بە فەرمی سەڵاحەدین سیامەند بووە سەرۆكی تۆپی پێی كوردستان
لە رۆژی دەستبەكاربوونی، پاڵەوانەكانی كوردستان خەڵات كران.
سەڵاحەدین سیامەند كاپتنی پێشووی یانەی هەولێر و هەڵبژاردەی عێراق وەكو سەرۆكی فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان لە شوێنی تاریق عەبدولرەحمان دەستنیشان كرا، هەر لە هەمان رۆژی دەستبەكاربوونی، پاڵەوانەكانی هەرێمی كوردستان لە یارییە جیاوازەكان لە لایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە خەڵات كران.
ئەمڕۆ دووشەممە، 2 ئایاری 2025، لە مەراسیمێكدا لە هۆڵی میدیا لە شاری هەولێر، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، 68 پاڵەوانی وەرزشی لە یارییە جیاوازەكان خەڵات كرد كە لەسەر ئاستی نێوخۆ و دەرەوەی هەرێمی كوردستان و جیهان خەڵاتی گەورەیان بەدەستهێنا بوو.
لە لایەكی دیكەیشەوە هەر لە هەمان رۆژ، سەڵاحەدین سیامەند لە شوێنی تاریق عەبدولرەحمان وەكو سەرۆكی فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان دەستبەكاربوو، جگە گۆڕانكاری لە چوار ئەندامی دیكەی نوێ كرا.
سەڵاحەدین سیامەند ئەستێرە كوردەكەی پێشووی یانەی هەولێر، دوای جێهێشتنی كوردستان و نیشتەجێبوونی لە ئەورووپا، بەڵام بە كۆمەڵێك پرۆژە و خەون و خولیاوە گەڕایەوە بۆ خزمەتی یانەی هەولێری دایك، بەڵام وەكو جێگری سەرۆكی یانەی هەولێر دەستی لەكاركێشایەوە، بەڵام لە ئەزموونێكی دیكەی نوێ دا وەكو سەرۆكی تۆپی پێی كوردستان راسپێردرا.
لە ئارجێنتینا بەشداریی لە مۆندیالی لاوان كرد
سه‌ڵاحه‌دین سیامه‌ند ساڵی 1978 له‌دایكبووه، لە لاوانی یانه‌ی ئاسۆ دەركەوت، پاشان لە ساڵی 1995 روویكردە یانەی هەولێر و ماوەی 15 ساڵ لە ریزەكانی یانەكەی پایتەخت یاریی كردووە، پێشتر یاریی بۆ یانەی زاخۆش كردووە و نزیكیش بووە لەوەی درێسی یانەی دهۆكیش بپۆشێت.
سەڵاحەدین سیامەند ساڵی 2001 له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی عێراق لە وڵاتی ئارجێنتینا به‌شداریی مۆندیالی لاوانی کرد، به‌رامبه‌ر هەڵبژاردەكانی كه‌نه‌دا و به‌ڕازیل و ئه‌ڵمانیا یاریی كرد، كوڕه كورده‌كه له‌و مۆندیاله به ئاستێكی نایاب ده‌ركه‌وت به‌رامبه‌ر كه‌نه‌دا كه 3-0 بردیانه‌وه، گۆڵی دووه‌می هه‌ڵبژارده‌ی عێراقی بە لێدانێکی مووشەکی لە لایەن سەڵاحەدین سیامەند تۆمار كرا.
سەڵاحەدین سیامەند وەكو یاریزانی سەرەكی لە مۆندیالی لاوان لە دژی هەڵبژاردەی بەرازیل یاریی كرد و لەو یارییەدا كوڕە هەولێرییەكە بەرامبەر ریكاردۆ كاكا و ئەدریانۆ و مایكۆن و رۆبینیۆ و چەندان ئەستێرەی ئەو سەردەمە یاریی كرد، ئەگەرچی لەو یارییە عێراق بە قورسی دۆڕا، بەڵام سەڵاحەدین سیامەند لەنێو یاریزانانی عێراق بەرزترین نمرەی بەدەستهێنا.
چیرۆكی راگرتنەكەی عەلی دایی و سامی جابر
چیرۆكە كاریگەرەكە لێرەوە دەستی پێكرد، كاتێك سەڵاحەدین سیامەند بۆ پاڵاوتنه‌كانی مۆندیالی 2002 بانگهێشتی یاریی عێراق و ئێران كرا كە له یاریگای ئازادی له تاران بەڕێوەچوو، لەو یارییەدا میلان زڤیدانۆڤیچ راهێنەری كرواتی هەڵبژاردەی عێراق، ئه‌ركی چاودێریكردنی عه‌لی دایی، به سه‌ڵاحه‌دین سیامەند سپاردبوو، عه‌لی دایی كه ئه‌وكات له‌ریزی یانەی بایرن میونشن یاریی ده‌كرد و 27 گۆڵی به درێسی باڤارییه‌كان كردبوو، له‌و یارییه كوڕە كوردەكەی قەڵاومنارە رێگەی نەدا عەلی دایی گۆڵ بكات و بە ئاستێكی باش دەربكەوێت كه لێی چاوه‌ڕوان ده‌كرا.
یانەی شتوتگارتی ئەڵمانیا ئۆفەری پێشكەش كردبوو
دوای ئاستە سەرنجراكێشەكەی سەڵاحەدین سیامەند بەرامبەر هەڵبژاردەی ئێران كە ئەوكات بەشێك لە ئەستێرەكانی ئێران لە بۆندزلیگا یارییان دەكرد، راسته‌وخۆ یانه‌ی شتوتگارتی ئه‌ڵمانی ئۆفه‌رێكی به‌بڕی یه‌ك ملیۆن و نیو یۆرۆ پێشكه‌شی یاریزانه كورده‌كه‌ی هەولێر كرد، به‌ڵام ئه‌وكات به‌بڕیاری عوده‌ی رێگەی نەدەدا هیچ یاریزانێكی عێراقی بۆ ژیانی پیشه‌گه‌ريی جگه له‌قه‌ته‌ر بچێته هیچ وڵاتێكی دیكه، بەمەش خه‌ونی سه‌ڵاحه‌دین سیامه‌ند له‌گۆڕنرا.
سەڵاحەدین سیامەند لە یارییەكی دیكەی پاڵاوتنەكانی مۆندیال لە نێو خاكی سعوودیە ئەركی راگرتنی سامی جابری گۆڵكاری مێژوویی سعوودیەی پێ سپێردرابوو، كە ئەوكات ئەو یاریزانە لە باشترینەكانی كیشوەری ئاسیا بوو، ئەستێرە هەولێرییەكە بەشێوەیەك كۆنترۆڵی سامی جابری كردبوو، تەنانەت راهێنەری هەڵبژاردەی سعوودیە ناچاربوو سامی جابر لە نێو یاریگە بێنێتە دەرەوە.
بەرامبەر رۆناڵدۆی دیاردە یاریی كردووە
ساڵی 2002 هه‌ڵبژارده‌ی عێراق له ئیتاڵیا كه‌مپێكی مه‌شق و راهێنانی كرده‌وه، كە تێیدا عێراق یارییه‌كی دۆستانەی به‌رامبه‌ر یانه‌ی ئینته‌رمیلان كرد، له‌و یارییه‌دا سەڵاحەدین سیامەند بەرامبەر هه‌ریه‌كه له رۆناڵدۆی به‌ڕازیلی، خاڤیێر زانێتی، فرانچیسكۆ تۆڵدۆ و ماركۆ ماتێرازی یاری كرد، دوای یارییه‌كه ماسیمۆ مۆراتی سه‌رۆكی ئه‌وكاتی یانه‌ی ئینته‌رمیلان به وه‌رگێڕه‌كه‌ی هه‌ڵبژارده‌ی عێراقی گوتبوو گومانم هەیە ئه‌و یاریزانه عێراقیی بێت (مه‌به‌ستی سه‌ڵاحه‌دین سیامه‌ند بوو)، بەتایبەتی بەهۆی ئەو ئاست و لەشولارەیەوە وەكو یاریزانێكی ئەورووپی دەردەكەوت، بەتایبەتی شووت و لێدانە سەرەكانی لە یاریزانێكی رۆژهەڵاتی ناوەراست نەدەچوو.
سه‌ره‌تاكانی ساڵانی 2000 به‌خواستن له‌ریزی یانه‌ی زه‌وڕا یاریی كردووه، له‌گه‌ڵ یانه‌كه به‌شداریی چامپیۆنزلیگی ئاسیای كردووه، كه به‌رامبه‌ر یانه‌ی عه‌ینی ئیماراتی به‌هۆی ئه‌و ئاسته به‌رزه‌ی پێشكه‌شی كرد له‌لایه‌ن یانه ئیماراتییه‌كه‌وه ئۆفه‌رێكی به بڕی 400 هه‌زار دۆلار پێشكه‌ش ده‌كرێت، به‌ڵام له‌وێش رێگری لێده‌كرێت په‌یوه‌ندی به‌و یانه ئیماراتییه‌وه بكات.