وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا پاڵپشتی بۆ ڕێکخراوەکانی ناحکوومی کوردستان دووپات دەکاتەوە

ئەنتۆنیۆ تەیانی، جێگری سەرۆکی حکوومەتی ئیتاڵیا و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە لە دیدارێکیدا لەگەڵ فەلاح حەسەن، سەرۆکی فەرمانگەی ڕێکخراوەکانی ناحکوومی کوردستان، پاڵپشتی و هاوکارییەکانی خۆی بۆ ڕێکخراوەکانی کوردستان دووپات کردەوە.

لەچوارچێوەی کۆڕبەندی گەنجانی ئیتاڵیا  لە ڕۆمای پایتەختی ئەو وڵاتە کە لە 31ـی ئایاری ڕابردوو دەستی پێکرد و ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام بوو، فەلاح حەسەن، سەرۆکی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکوومییەکانی کوردستان لەگەڵ ئەنتۆنیۆ تەیانی، جێگری سەرۆکی حکوومەتی ئیتاڵیا و وەزیری دەرەوەی ئەو ووڵاتە کۆبوویەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمانگەی ڕێکخراوەکانی نا حکوومی ، لە دیدارەکەدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا، فەلاح حەسەن، سەرۆکی فەرمانگەکە ئاماژەی بە کارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و فەرمانگەی ڕێکخراوەکانی ناحکومی کرد لە کاری مەدەنی و ڕێکخراوە مەدەنیەکان، هاوکات داوای لە وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا کرد هەماهەنگی لە نێوان ڕێکخراوەکانی هەرێمی کوردستان و ئیتاڵیا لە ڕێگەی وەزارەتەکەی پەرەی زیاتری پێبدرێت.

ئەنتۆنیۆ تەیانی، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا لە دیدارەکەدا ئاماژەی بەوە کرد، لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان دۆستن و لەشەڕی داعشدا هاوکار و پاڵپشتی یەکتربوونە، لەگەڵ ئەوەشدا پاڵپشتی و هاوکاری خۆی بۆ رێکخراوەکانی کوردستان لە ڕێگەی حکومەتی ئیتاڵی و وەزارەتەکەیەوە دووپات کردەوە.