سەرۆکی لیژنەی یاسایی بۆ سوودانی: وەزیری دارایی عێراق بە ڕاگرتنی مووچە تاوانی کردووە
سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق بە سەرۆک وەزیرانی فیدراڵی دەڵێت: وەزیری داریی بە ڕاگرتنی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان دەستووری پێشێل کردووە و تاوانی کردووە، پێویستە دەستوەردان بکەیت و کۆتایی بەو نادادپەروەرییە بهێنیت.
ڕێبوار هادی، سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق، نووسراوێکی فەرمی لەبارەی پێشێلکارییە یاسایی و دەستوورییەکانی تەیف سامی، وەزیری دارایی فیدراڵ، لە بەرانبەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، ئاراستەی سەرۆک وەزیران محەممەد شیاع سوودانی کرد.
نووسراوەکەی سەرۆکی لیژنەی یاسایی، کە ڕۆژی دووشەممە، 02-06-2025، ئاراستەی سوودانی کراوە، تێیدا هاتووە "بە پشتبەستن بە ماددەی (61/دووەم)ی دەستوور و ماددەی (15)ـی یاسای ژمارە (13)ـی ساڵی 2018ی پەرلەمان و پێکهاتەکانی، هەروەها ئاماژە بە نووسراوی وەزارەتی دارایی ژمارە (14502) لە ڕێککەوتی 5/28/2025ی زایینی، کە بەپێی ئەو نووسراوە وەزارەتی دارایی پێشێلی بڕیاری دادگای فیدراڵی ژمارە (224ی یەکخراوی ژمارە 269 / فیدراڵی / 2023)، کردووە کە جەختی لە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کردووە؛ دووپاتی دەکەینەوە کە ئەو مووچەیەی فەرمانبەر وەری گرتووە مافێکی کەسییە کە دەستوور و یاساکانی خزمەتی کار گەرەنتی کردووە، و نابێت بە هیچ هۆیەک ڕابگیرێت."
لە بەشێکی دیکەی نووسراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە "وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر بنەمای بۆچوونی دادگای فیدراڵی ژمارە (4/فیدراڵی/2025/303) بڕیاری ڕاگرتنی خەرجکردنی مووچەی داوە، کە ڕەتی کردووەتەوە تەفسیر بۆ بڕیاری ژمارە (224) بکات، واتە وەزارەت ساختەکاریی بۆ بڕینی مووچە بەکار هێناوە. سەبارەت بە تەوتینکردنی مووچە، دادگای فیدراڵی لە نووسراوی (1405)ـیدا لە 7/3/2024 ڕایگەیاندووە کە لە چوارچێوەی هەڵبژاردنی فەرمانبەر و لەناو ئەو بانکانەی کە لەلایەن بانکی ناوەندییەوە پەسەند کراون، دەکرێت، هاوشێوەی فەرمانگەکانی دیکەی وڵات."
سەرۆکی لیژنەی یاسایی دووپاتی کردووەتەوە "وەزارەتی دارایی دەزگایەکی جێبەجێکارە و دەسەڵاتی ڕاگرتنی مووچەی نییە، هەروەک هیچ دەسەڵاتێکی دیکە لە عێراقدا ئەو مافەی نییە. خۆبەدوورگرتن لە جێبەجێکردنی یاساکان و بڕیاری دادوەری تاوانێکە کە بە یاسا سزا دەدرێت بە پشتبەستن بە بڕگەکانی ماددەی (329) لە یاسای سزادانی ژمارە (111)ی ساڵی 1969."
ڕێبوار هادی، لە نووسراوەکەیدا داوای لە سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە دەستوەردان بکات، تا ڕێگریی لەو پێشێلکارییە دەستوورییانە بکات و کۆتایی بەو نادادپەروەرییە بهێنێت کە بەرانبەر بە فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان دەکرێت، بابەتەکەش لە ململانێیە سیاسییەکان دوور بخاتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، هەفتەی ڕابردوو، تەیف سامى، وەزارەتى دارایی عێراق، بە نووسراوێکی فەرمی حکوومەتی هەرێمى کوردستانى ئاگادار کردووەتەوە لەوەى چیدیکە ناتوانێت لە ناردنى پارەی مووچە بەردەوام بێت، بە پاساوى ئەوەى بڕى پشکى دیاریکراوى خۆى لە یاسای بودجە تێپەڕاندووە و ئەوەى بەستووەتەوە بە پابەندبوون بە بڕیارى دادگەى فیدراڵی و یاسای بودجەى گشتى و دەڵێت: "19.2 تریلیۆن دینارى داهاتى نەوتى و نانەوتى ڕادەست نەکراوە."