ئەسیل نوجەیفی: کورسیی هێزە لایەنگیرەکانی ئێران لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان، 30% تێپەڕ ناکات
پارێزگاری پێشووتری نەینەوا و سەرۆکی هاوپەیمانی 'موتەحیدون'، پێشبینی دەکات ڕۆڵی هێزە سیاسییەکانی پاڵپشتکراو لەلایەن ئێرانەوە، لە خولی داهاتووی پەرلەماندا کەم ببێتەوە. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو هێزانە تەنها 30%ی کورسییەکان بەدەست دەهێنن، ئەمەش بەهۆی گۆڕانکارییە ناوچەیی و ناوخۆییەکانەوەیە.
ئەسیل نوجەیفی، پارێزگاری پێشووتری نەینەوا و سەرۆکی هاوپەیمانی 'موتەحیدون' لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووکدا نووسیویەتی "چوار هۆ هەن کە بە ڕوونی ئاماژە بەوە دەکەن پەرلەمانی داهاتوو زیاتر لە هەژموونی ئێران دوور دەخرێتەوە، هەروەها لایەنگرانی تاران لە باشترین حاڵەتدا لە 30%ی کورسییەکانی پەرلەمان زیاتر بەدەست ناهێنن."
نوجەیفی ڕوونیشی کردەوە "هۆی یەکەم ئەوەیە بەشێکی زۆری دەنگەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دژایەتیی هەژموونی ئێران دەکەن، ئەمەش لە هەڵبژاردنی ڕابردووی پەرلەمان هەستی پێ کرا، کاتێک دەنگیان بە ڕەوتی سەدر و ئەو هێزانە دا کە پەیوەندییان بە خۆپیشاندانەکانی تشرینەوە هەبوو."
ئەو سەرکردەیەی هاوپەیمانی موتەحیدون گوتی: لەگەڵ کشانەوەی ڕەوتی سەدر لە پرۆسەی سیاسی عێراق، ئەو پێکهاتەیەی ئێستای پەرلەمان دروست بوو، بەڵام زۆرێک لەو دەنگانە دەدرێتە کاندیدەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆن لە هەڵبژاردنی داهاتوودا."
ئاماژەی بەوەش کرد، گۆڕانکارییە ناوچەییەکان بڕوایەکی پتەویان بە ئێمە داوە، کە هەژموونی ئێران بەشێوەیەکی بەرچاو کەم بووەتەوە. هەروەها ئەوانەی تا ئێستا پەنا بۆ ئێران دەبەن، ڕووبەڕووی کێشە دەبنەوە، دۆخەکە وەک چوار ساڵ لەمەوبەر نییە.
ئەسیل نوجەیفی، باسی لەوەش کرد "ئەدای لایەنە سیاسییەکانی لە پەرلەمانی عێراق، جێگەی ڕەزامەندی لایەنگرانیان نەبووە، بەمەش ئاستی جەماوەرییان دابەزیووە." جەختیشی کردەوە "پەرتەوازەیی ناو هێزە لایەنگرەکانی ئێران و هەوڵی بەشێک لەوان بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانکارییە ناوچەییەکان، زیاتر هەژموونیان دادەبەزێت."
نوجەیفی دەڵێت: زۆر دڵنیام لە ڕێگەی سندووقەکانی دەنگدان وردە وردە گۆڕانکاریی لە عێراق ڕوو دەدەن، کە هەژموونی لایەنێک کەم دەبێتەوە لە بەرژەوەندیی لایەنێکی دیکە، ئەمەش بە مانای لەناوچوونی لایەنێکی دیاریکراو نییە، بەڵکو بە مانای گۆڕانی تەرازووەکەیە بەقازانجی لایەنێکی دیکە.