ڕائید فەهمی: مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بوونەتە بارمتەی کێشە سیاسییەکان

سکرتێری حزبی شیوعی عێراقی، دەڵێت: پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان یەکسانە بە پێشکەوتنی هەموو عێراق، هەموو دەبێت بگەنە ئەو بڕوایەی جێبەجێکردنی فیدراڵییەت بە شێوەیەکی ڕاستەقینە، هەوێنی چارەسەرکردنی کێشەکانە.
سێشەممە 3ـی حوزەیرانی 2025، ڕائید فەهمی، سکرتێری حزبی شیوعی عێراقی، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: هەست دەکرێت هاووڵاتیان و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بوونەتە بارمتەی کێشە سیاسییەکان، پێویستە جیاوازییەکی تەواو بکرێت لە نێوان کێشە سیاسییەکان و قووتی هاووڵاتییان.
هاوکات ئاماژەی بەوە دا، کێشەی مووچە، لە حکوومەتێکەوە بۆ حکوومەتێکی دیکە دەگوازرێتەوە بەبێ ئەوەی چارەسەرێکی ڕاستەقینەی بۆ بدۆزرێتەوە .
جەختی لەوە کردەوە، کێشەی ڕاستەقینە هەیە و دەبێت بە دەستووری چارەسەر بکرێت، بۆ ئەوەی بەرگی فیدراڵییەت بۆ عێراق بگەڕێتەوە.
سکرتێری حزبی شیوعی عێراقی، گوتی: دەبێت وا بیربکەیەنەوە پێشکەوتنی کوردستان، پێشکەوتنی هەموو عێراقە. سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، بە بڕوابوونی تەواو بە فیدراڵییەت دەکرێت هەموو کێشەکان چارەسەر بکرێن.