ئاسایشی هەولێر: کەسێکمان بە تۆمەتی فرۆشتنی ئامێری گزیکردنی بە قوتابیانی پۆلی 12 دەستگیر کرد
ئاسایشی هەولێر ڕایدەگەیەنێت: کەسێکیان دەستگیرکردووە، لە بەغداوە چەند ئامێرێکی تایبەتی گزی کردنی هێناوەتە هەولێر بۆ ئەوەی ساغیان بکاتەوە، ئاسایشی هەولێر هۆشداریی دەدات لەوەی فرۆشتنی ئەو ئامێرانە قەدەغەیە و هەر کەسێک ئەو کارە بکات، ڕێکاریی یاسایی بەرانبەر دەگیرێتە بەر.
سێشەممە 3ـی حوزەیرانی 2025، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، بەهەماهەنگی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تیمەکانیان بەدواداچوونیان بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەی کەسێک کردووە کە ئامێری گزی کردنی هێناوەتە هەولێر، ئاسایشی هەولێر ئاشکرای دەکات، ناوی تۆمەتبارەکە (م ، ک ، خ)ـە و دوای وەر گرتنی ڕەزامەندی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر دەستگیر کرا.
بەپێی زانیارییەکانی ئاسایشی هەولێر، تۆمەتبارەکە کاری فرۆشتنی ئامێری بلوتۆزی تایبەت بە گزی کردنی کردووە و چەند ئامێرێکی لە شاری بەغداوە دەربازی ناوشاری هەولێر کردبوو بەمەبەستی ئەوەی ساغیان بکاتەوە، ئاسایشە هەولێر دەڵێت: بەرلەوەی تۆمەتبار ئامێرەکان ساغ بکاتەوە، دەستمان بەسەر ئامێرەکاندا گرت.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر هۆشداریی دەداتە ئەوانەی هەوڵی کڕین و فرۆشتنی ئامێرەکانی گزی دەدەن، خۆیان بەدوور بگرن لەو کارە چونکە کارێکی قەدەغە کراوە و ڕێکاری یاساییان بەرانبەر دەگیرێتە بەر، بەڕێوەبەرایتییەکە دەڵێت: ساڵانە لەکاتی دەست پێکردنی تاقی کردنەوەکانی (پۆلی 12) لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان ژمارەیەک پەیج و ئەکاونت بانگەشەی فرۆشتی ئەو ئامێرانە دەکەن کە قەدەغەیەو ڕێگە پێدراو نیە،بۆیە هەرکەسێک کاری کڕین و فرۆشتن بەو ئامێرانەوە بکات ڕێکاری یاساییان بەرانبەر دەگیرێتە بەرو دەدرێنە دادگا.