ئاری هەرسین: کێشەی ئێمە لەگەڵ عێراق تەنها مووچە نییە
ئاری هەرسین، بەرپرسی لقی 4ـی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت:" عەرەبی شوڤێنی دەرگا بۆ تاک تاکی حزبەکان دەکاتەوە و پەرتەوازەیی کورد دەقۆزێتەوە، دەشڵێت: کیشەی ئێمە لەگەڵ عێراق تەنها مووچە نییە.
لەبارەی هەڵوێستی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و کۆبوونەوەی تاک لایەنەیان لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئاری هەرسین، بەرپرسی لقی 4ـی پارتی لە سلێمانی لە بەرنامەی باسی ڕۆژی کوردستان24 کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات گوتی:" ئەو برادەرانەی یەکگرتووی ئیسلامی کە چوونە بەغدا و لەگەڵ سوودانی تاک لایەنە کۆبوونەوە، وەکو ئەوە وایە بوونەتە وەرگێڕ و پارێزەری کۆمەڵێک شۆڤینی عەرەبی، دەڵێت: هەوڵی تاکە کەسی شکست دێنێت، ئەوە زۆرزانیی لایەنی شۆڤێنی عەرەبە کە ئەم دەرگایە هەموو جارێ ئەو دەرگایە دەکاتەوە لە تاکە تاکەی حزبە سیاسییەکان، چونکە بە تاکە تاکە پێیان دەوێرێت، چونکە دەزانن ئەگەر ئێمە یەکگرتوو بین، پێمان ناوێرن، دەڵێت: چوونی یەکگرتووی ئیسلامی بۆ لای سوودانی، هیچ لە مەوزوع ناگۆڕێت.
ئاری هەرسسین دەڵێت: ئەوەی یەکگرتووی ئیسلامی ئەمڕۆ کردی، موزایەدەی سیاسییە و وەبەرهێنانێکە بۆ کاتی هەڵبژاردن ئەگەر هەڵبژاردنیش بکرێت، بۆیە قەبارەی یەکگرتووی یەکگرتووی ئیسلامی هی ئەوە نییە بچێت دیالۆگ لەسەر ئەو پرسانە لەگەڵ بەغدا بکات.
بەرپرسی لقی 4ـی پارتی لە سلێمانی گوتی: پێویستە خەڵکی کوردستان پرسیار لە یەکگرتووی ئیسلامی بکات، بۆ لە کۆبوونەوەی پیرمام بەشدارییان نەکرد، کەچی چوونە بەغدا و لەگەڵ سوودانی دانیشتن، دەبێت خەڵکی کوردستان پرسیار لە یەکگرتووی ئیسلامی بکات، لە بەرەی خەڵکی کوردستانن، یاخود بەرەی کۆمەڵێک شۆڤێنستی عەرەبی.
ئاماژە بەوە دەکات، لە بەغدا حکوومەتێکی سێبەر لە ژێرەوەی ئەو ماکینەوە هەیە کەپێی دەڵێن دەوڵەتی عێراق، ئەو حکوومەتە سێبەرە حوکم دەکات، ئەو حکوومەتە سێبەرە کۆمەڵە خەڵکێکی دەسەڵاتدارن کە وڵاتانی هەرێمیی پشتیوانییان لێدەکات.
ئاری هەرسین دەڵێت: سەرۆک وەزیرانی عێراق ناتوانێت بەو گرووپ و خەڵکانەی حکوومەتی سێبەریان دروست کردووە، بڵێت: من ئەوە قەبوڵ ناکەم، بەڵام ئەو سازش لە کەرامەتی خۆی دەکات و قەبوڵی هەموو شتێک دەکات تەنها بۆ ئەوەی لەسەر کورسییەکە بمێنێتەوە، دەشڵێت:"کارتی سیاسیی کورد بەرانبەر بەغدا یەکبوونییەتی.
ئەو بەرپرسەی پارتی دەڵێت:"خەونی گەورەی کورد، دەوڵەتی سەربەرخۆی کوردستانە، خەونی بچووکیش بوونی دەسەڵات و کوردسی و پارە و ئۆتۆمبێلی گرانبەها و کۆشکی بەهادارە، گوتی:" کۆبوونەوەی پیرمام ڕاوێژکاریی بوو بۆ ئەوەی ڕای هەمووان لەسەر پرسێکی گرنگ وەربگیرێت و دوجار هەمووان لەسەر بڕیارێک لەوبارەوە ڕێکبکەون، بەڵام هەندێ لە لایەنەکان ڕەخنە لە هەموو هەوڵێک دەگرن و دەڵێت: پارتی حزبییانە مامەڵەی نەکردووە، دەشڵێت:" ئۆپۆزسیۆن هیچ بەرنامەیەکی نییە، هەر خۆیان، خۆیان بە ئۆپۆزسیۆن دەزانن، بەڵام ئەوان بوونەتە دەم ڕاستی عەرەبی شۆڤێنی، گوتی: ئەوەی شەرم لە کوردبوون دەکات، خائینە و خیانەت دەکات، ئۆپۆزسیۆن نابێت بە ئاڕاستەیەک بڕوات شۆڤێنستی عەرەبی بەکاری بێنێت دژی میللەتەکەی خۆیان.
ئاری هەرسین بەپێویستی زانی پارتی و یەکێتی وەک دوو جەمسەری حکوومڕانی لە هەرێمی کوردستان هەموو پرسێکی لاوەکی، بخەینە لاوە، ئەگەر ئێمە و یەکێتی یەکبین، دەتوانین کۆ دەنگی لە هەرێمی کوردستان دروست بکەین، نابێت هەڤاڵانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە ئێمە دوور بکەونەوە، نابێت یەکێتی نیشتمانی کوردستان قەبوڵی بکات شۆڤێنیستی عەرەبی بەکاری بێنێت دژی بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان، من ناڵێم یەکێتی نیشتمانی ئەوەی کردووە، یاخود دەیکات، بەڵام دەڵێم:"نابێت بیکات، ئێمەش وەک پارتی نابێت بیکەین، دەڵێت:" لەپای ئەو مێژووە تاڵەی ڕابردوو ئەوەیە، متمانە لەنێوان ئێمە و یەکێتی نیشتمانی کوردستان کاڵ بووەتەوە، ئەگەر متمانە هەبێت، یەکڕیزی زۆر ئاسانە.
بەرپرسی لقی 4ـی پارتی ئاماژە بە بژاردەکانی کورد بەرانبەر بەغدا دەکات و دەڵێت:"بژاردەکانی کورد بەرانبەر بەغدا، کسانەوەیەتی لە حکوومەتی عێراق، کشانەوەی ئەندامە کوردەکانە لە پەرلەمانی عێراق لەگەڵ بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەگەر کورد بایکۆتی ئەو هەڵبژاردنە بکات، هەڵبژاردنەکە شەرعییەتی نابێت، کێشەی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق تەنها مووچە نییە.