مەسرور بارزانی پیرۆزبایی لە سەرۆکی نوێی کۆریای باشوور دەکات
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە سەرۆکی نوێی کۆریای باشوور دەکات و جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییە مێژووییە دووقۆڵییەکان دەکاتەوە.
چوارشەممە، 04-06-2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پیرۆزبایی لە 'لی جای میونگ' کرد بە بۆنەی هەڵبژاردنی وەک سەرۆکی نوێی کۆریای باشوور.
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکی نوێی کۆریای باشوور دەڵێت: "بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی بەهێزکردنی هاوبەشی نێوان حکوومەتەکانمان و قووڵکردنەوەی دۆستایەتی لە مێژینەی نێوان گەلەکانمانم."
Congratulations Lee Jae-myung on your election as President of the Republic of Korea.
— Masrour Barzani (@masrourbarzani) June 4, 2025
I look forward to strengthening the partnership between our governments and deepening the longstanding friendship between our peoples.
سێشەممە، 03-06-2025، لی جای میونگ، کاندیدی پارتی دیموکراتی چەپی ناوەڕاستی کۆریای باشوور لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا، کە زیاتر لە 35 ملیۆن کەس بەشداربوون، زۆرینەی دەنگەکانی بە ڕێژەی 49.4% بە دەست هێنا و بۆ ماوەی پێنج ساڵی داهاتوو سەرۆکایەتیی وڵاتەکە دەکات.
هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە کۆریای باشوور بە شێوەیەکی نائاسایی بەڕێوە چوو، ئەمەش دوای ئەوەی لە شەش مانگی ڕابردوودا، وڵاتەکە گرژی و ئاڵۆزی تێکەوت. دواتر سەرۆکی پێشوو، يۆن سۆك-يول، لە کارەکەی دوورخرایەوە.
لی جای میونگ دوای بردنەوەی هەڵبژاردنەکە، لە گوتارێکدا ڕایگەیاند: ئاشتی باشترە لە شەڕ و بەڵێن دەدەم سنوورێک بۆ ئیستیفزازییە ئەتۆمی و سەربازییەکانی کۆریای باکوور دابنێم و هاوکات کار بۆ کردنەوەی ئاسۆیەکی نوێی پەیوەندییەکان دەکەم."