فارس عیسا: هەولێر چۆک بۆ گوشارەکان دانادات
سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا دووپاتی دەکاتەوە، بۆ چارەکردنی کێشەکان، هەرێم زۆر کارتی لە بەردەستە. جەختیش دەکاتەوە: هەولێر چۆک دانادات.
چوارشەممە، 04-06-2025، فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، پەیامێکی لەبارەی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و چۆنییەتی چارەکردنی، بڵاو کردەوە.
فارس عیسا ئاماژەی بەوە کردووە "بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان، لەوانەش قەیرانە داراییەکان و کێشەکانی دیکە، هەرێم هێندە لاواز نییە وەکوو هەندێک لایەن بیری لێ دەکەنەوە، زۆر کارتی فشار و ڕێگای هەیە بۆ چارەسەرکردن، لەوانەش کارتی یاسایی و دەستووری، هەروەها هاوبەشەکانمان لە نیشتمان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا."
سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا جەختی کردووەتەوە "هەولێر چۆک دانادات."
ئەمە لە کاتێکدایە، هەفتەی ڕابردوو، تەیف سامى، وەزارەتى دارایی عێراق، بە نووسراوێکی فەرمی حکوومەتی هەرێمى کوردستانى ئاگادار کردووەتەوە لەوەى چیدیکە ناتوانێت لە ناردنى پارەی مووچە بەردەوام بێت، بە پاساوى ئەوەى بڕى پشکى دیاریکراوى خۆى لە یاسای بودجە تێپەڕاندووە و ئەوەى بەستووەتەوە بە پابەندبوون بە بڕیارى دادگەى فیدراڵی و یاسای بودجەى گشتى و دەڵێت: "19.2 تریلیۆن دینارى داهاتى نەوتى و نانەوتى ڕادەست نەکراوە."
دوای هەفتەیەک هەوڵدان لە ڕێگە جیاوازەکان و دادگەی فیدراڵییەوە، تاوەکو ئێستا هیچ ئاسۆیەک بۆ ناردنی مووچە لە پێش جەژنی قوربان کە ڕۆژی هەیینی داهاتووە، نییە.