دەزگای مرۆیی غەززە کردنەوەی ناوەندەکانی دابەشکردنی هاوکارییەکان دوادەخات

دەزگای مرۆیی غەززە کە لەلایەن ئەمەریکاوە پاڵپشتی دەکرێت، کردنەوەی ناوەندەکانی لە کەرتی غەززە بۆ ماوەیەکی کاتیی دواخست، ئەوەش بە هۆی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەیان کەس کوژران، لە کاتی هەڵمەتی دابەشکردنی هاوکارییەکان.
دەزگاکە لە پۆستێکدا لە پەیجی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک نووسیویەتی؛ "ئەمڕۆ پێنجشەممە، ناوەندەکان هاوکارییە مرۆییەکان دابەش ناکات". دەشڵێت: دابەشکردنی هاوکارییەکانی ناوەندەکە ڕادەگەیەنرێت هەر کە کارەکان تەواو بوون.
ئاماژەی بەوەش کردووە، "کاردەکات بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی سەلامەت هاوکارییە مرۆییەکان دابەش بکرێت بەسەر هاووڵاتییانی مەدەنیدا"، داواشی لە غەززەییەکان کرد، پابەندی ئەو ڕێوشوێن و ڕێگانە بن، کە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە دیاریکراون بۆ دڵنیابوون لە تێپەڕبوونی سەلامەت.
لای خۆیەوە سوپای ئیسرائیل ئەو ڕێگایانەی بەرەو ناوەندەکان دەچن بە "ناوچەی شەڕ" ناساند.
بەرگریی شارستانی لە غەززە ڕایگەیاند "دوێنێ چوارشەممە، لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا لە شوێنی وەرگرتنی هاوکارییەکان 48 کەس کوژراون، کە 14 کەسیان لە نزیک شوێنی نیشتەجێبوونی ئاوارەکان بووە."