هەڤاڵ ئەبوبەکر: بەهۆی نەناردنی مووچە سلێمانی جەژن ناکات
پارێزگاری سلێمانی ڕایگەیاند، هاووڵاتییان دڵنیا دەکەینەوە هەموو دامەزراوەکانی حکوومەتی خۆجێی سلێمانی لە خزمەتیاندا دەبن، بەڵام سلێمانی بەهۆی نەناردنی مووچە لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە جەژن ناکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 5ـی حوزەیرانی 2025، لە ڕاگەیەندراوێکدا د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی ڕایگەیاند "وەک ناڕەزایەتییەک بۆ ئەو دەسەڵاتحوکم و دەسەڵاتدەوڵەتەی هەیە و بانگەشەی مافی هاووڵاتیی و ئایینداریی و پێکەوەژیان دەکەن؛ هیچ ڕێوڕەسمێکی فەرمیی جەژن بەڕێوە نابەین."
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ هاووڵاتییانی بەرز و بەڕێز و باوەڕدار؛ "لەم جەژنەدا، بەهۆی بەبارمتەگرتنی هەموو خەڵکی کوردستان لەلایەن دەسەڵاتدارانی عیراقی فیدراڵەوە، لەسەر ئەو تەرزەی (تاوانی نانبڕینی کەسێک، لە سەربڕینی ئەو کەسە؛ گەورەترە)، تەنیا بەڕێزەوە ڕێز لە ئەرک و سرووت و نەریتە ئاینییە باڵا و باوەکانی کۆمەڵگاکەمان دەگرین و نزای حەجێکی وەرگیراو بۆ حاجیان و بەهێزبوونی ئیرادە و خۆڕاگریی و پێکەوەکارکردنی هەمووان بۆ تێپەڕاندنی لووتکەی نابەرپرسیارێتیی و ترۆپکی ستەمکاریی، بۆ هەموو ئێوەی خۆشەویست دەکەین."
دەشڵێت: "دڵنیاتان دەکەینەوە هەموو دامەزراوەکانی حکوومەتی خۆجێی سلێمانی لە خزمەتی هاووڵاتییاندا دەبن."
هەڤاڵ ئەبوبەکر، ڕاشیگەیاند "وەک ناڕەزایەتییەک بۆ ئەو دەسەڵاتحوکم و دەسەڵاتدەوڵەتەی هەیە و بانگەشەی مافی هاووڵاتیی و ئایینداریی و پێکەوەژیان دەکەن؛ هیچ ڕێوڕەسمێکی فەرمیی جەژن بەڕێوەنابەین."