کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە ھەولێر کار بۆ بەڕێوەچوونی کۆنفرانسێک دەکات

" 50 کۆمپانیای ئەمەریکی بەشدار دەبن"

K24 – ھەولێر

سەرۆكی یەكێتی ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، کونسوڵخانەی ئەمەریکا سەرقاڵی رێكخستنی كۆنفرانسێكن كە 50 كۆمپانیای ئەمەریكا بەشداردەبن.

دارا جەلیل خەیات، سەرۆكی یەكێتی ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان بە کوردستانی 24ـی راگەیاند، کونسوڵخانەی ئەمەریكا لە هەرێمی کوردستان، كار بۆ بەستنی كۆنفرانسێكی ئۆنڵاین دەکات، کە تێیدا 50 کۆمپانیای ئەمەریکی بەشدار دەبن. لە کۆنفڕانسەکەدا باس لە میکانیزمەکان دەکرێت بۆ ئەوەی زیاتر هاوکاری هەرێمی کوردستان بکرێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، دوای سەردانی شاندی عێراق بە سەرۆکایەتی سمتەفا كازمی سەرۆك  وەزیران، زیاتر هانی کۆمپانیا ئەمەریکییەکان بدرێت بۆ ئەوەی فراوانتر لە هەرێمی کوردستان و عێراق کار بکەن.

دارا جەلیل خەیات، ئەوەشی خستەڕوو، یەكێتی ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان، داوای لە كونسوڵخانەی ئەمەریکا کردووە هەوڵبدەن زیاتر کۆمپانیاکانی بواری وزە و کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان کار بکەن.