"عێراق دەتوانێت رۆژانە 5 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم بێنێ"

وەزیری نەوت: ساڵی 2025 پێویستمان بە هاوردەکردنی گاز نامێنێت

K24 - ھەولێر

ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، تاوەكو کۆتایی ساڵی 2023 دەستبەرداری هاوردەکردنی بەنزین دەبن، هەروەها تاوەکو ساڵی 2025 سووتانی گازی هاوتای نەوت لە کێڵگە نەوتییەکان دەوەستێنن.

وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، سەردانی شاندی حکومی بۆ واشنتن لە رووی ئابوورییەوە زۆر گرنگ بوو، لەگەڵ هەندێک کۆمپانیای نەوتی ئەمەریکی تاوتوێی وەبەرهێنان کراوە، بۆ ئەوەی بۆ ماوەی دوو ساڵ لە کەرتی نەوت و گازی عێراق کار بکەن.

ئاشکرای کرد، ئێستا توانای بەرهەمهێنانی عێراق 5 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانەیە و تاوەکو ساڵی 2025 دەتوانن ئاستی بەرهەمهێنان بۆ 7 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە بەرزبکەنەوە.

وەزیری نەوتی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، بە گوێرەی پلانەکان لە دوای ساڵی 2030ـەوە روو لە وزە نوێبووەوەکان دەکەن، کار بۆ ئەوە دەکەن نەوت نەبێتە تاکە سەرچاوەیەکی وزە لە وڵاتەکەدا. 

سەرچاوە: ئەلعراقییە