موسا ئەحمەد: برسیکردنی خەڵک کێشەی دیکەی بەدوا دێت
سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی ڕایگەیاند، بەهۆی ئەو دۆخە ئابوورییە و خۆپاراستن لە تای خوێنبەربوون، لەوانە هاوکاریی زیاتر لە 500 خێزانمان کردووە بە کاش و هەروەها دیارییش بۆ منداڵان کڕدراوە.
ئەمڕۆ هەینی، 6ـی حوزەیرانی 2025، موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بەهۆی ئەو دۆخە ئابوورییە و خۆپاراستن لە تای خوێنبەربوون، سەرنجمان لەسەر پاکێجی خۆراک و بابەتی دیکە کردووەتەوە، لەوانە هاوکارییکردنی زیاتر لە 500 خێزان بە کاش و کڕینی دیاریی بۆ منداڵان.
موسا ئەحمەد گوتیشی: پرۆسەی هاوکارییکردنی کەم دەرامەتان لە سەرجەم پارێزگاکان لەلایەن دەزگای خێرخوازی بارزانی بەڕێوە دەجێت، دەشڵێت، دەزگای بارزانی لە ساڵی 2016ەوە لە ئەنجوومەنی ئابووری و کۆمەڵایەتی لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەندامە.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمڕۆ دەزگای خێرخوازی بارزانی، بۆ پشتگیریکردنی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان، بەیاننامەیەکی ئاراستەی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە، لەسەر ئەو ڕەوشەی کەحکوومەتی عێراق بنیاتی ناوە، هەروەها ئێمە ئەزانین برسیکردنی خەڵک کێشەی دیکە بەدوای خۆیدا دێنێت، هیوادارین هەموو ڕێکخراوە مرۆییەکان هاوکاری خەڵکی هەرێمی کوردستان بکەن.
سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی باسی لەوەش کرد، داوا لە ڕێکخراوە مرۆییەکانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین، پێگەی خۆیان بەکار بهێنن بۆ ئاگادارکردنەوەی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەم دۆخەی ئێستا.