ئێران هۆشداری دەداتە ئەورووپا

عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداری دا لەوەی تاران بە توندی وەڵامی هەر جۆرە پێشێلکارییەکی مافەکانی دەداتەوە و ئەورووپا لە ئەنجامدانی "هەڵەیەکی ستراتیژیی گەورەی دیکە" نزیکە.

عراقچی لە بەیاننامە ڕۆژنامەوانییەکاندا ڕایگەیاند "ئەورووپا نزیکە لە ئەنجامدانی هەڵەیەکی ستراتیژی گەورە، قسەکانی من لەبیربێت: ئێران درێغی ناکات لە وەڵامدانەوەی هەر پێشێلکارییەک".

ئاماژەی بەوەش کرد "بەرپرسیارێتی تەواو لە ئەستۆی ئەو لایەنە نابەرپرسانەیە کە پاڵ بە پەرەسەندنەوە دەهێنن".

عراقچی دوو ڕۆژ لەمەوبەر ڕایگەیاند "تاران لە ڕۆژانی داهاتوودا وەڵامی خۆی بۆ پێشنیاری ئەتۆمی ئەمەریکا ڕادەگەیەنێت و جەختیشی کردەوە، بەردەوام بوونی پیتاندنی یۆرانیۆم لە ئێران هێڵی سوور نابەزێنێت". هەروەها پێشنیازی ئەمەریکای سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی بە "ناڕوون" وەسف کرد.

لە پێشهاتێکی پەیوەندیداردا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە میانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن هاوتا ڕووسییەکەی، داوای "پشتیوانی مۆسکۆ لە دۆسیەی ئەتۆمی ئێران" کرد. لای خۆیەوە دیمیتری پیسکۆڤ، وتەبێژی کرێملین ئامادەیی پوتنی دەربڕی بۆ بەشداریکردن لە دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتن "ئەگەر پێویست بکات".

 
 
 
Fly Erbil Advertisment