کەمال کەرکووکی: بەغدا بە ئەنقەست قەیران دروست دەکات
بەرپرسی پەیوەندی گشتی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، ئەم جەژنە لە کاتێکدایە گەلی کوردستان ڕووبەڕووی سیاسەتی نوێی ستەمکارانە دەبێتەوە، هەروەها بەغدا بە ئەنقەست قەیران دروست دەکات، لە جیاتی گەڕانەوە بۆ دەستوور و میکانیزمە یاسایی و دامەزراوەییەکان لە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکاندا.
ئەمڕۆ هەینی 6ـی حوزەیرانی 2025، د. کەمال کەرکووکی بەرپرسی پەیوەندی گشتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەیامێکیدا بەبۆنەی جەژنی قوربان ڕایگەیاند، ئەم جەژنە لە کاتێکدا دێت گەلی کوردستان ڕووبەڕووی سیاسەتی نوێی ستەمکارانە دەبێتەوە بەوەی بڕیارێکی لەناکاو بۆ بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، چەند ڕۆژێک پێش جەژن دەرچوو.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو بڕیارە هەنگاوێکە مایەی سەرسوڕمان بوو، بەهۆی ڕەهەندە سیاسی و مرۆییەکانی و هەستیاریی کاتی و ناوەڕۆکیەوە، بەڵام دیارە ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی دوورخستنەوەی سەرنج لەو ئالنگارییە جەوهەرییانەی بەردەم حکوومەتی عێراقن لە بواری پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و بەدیهێنانی گەشەپێدان و چارەسەرکردنی دۆسیەکانی گەندەڵی و بەفیڕۆدانی داراییدا.
باسی لەوەش کرد، ئەمە لە کاتێکدا خەڵکی عێراق چاویان لە پێکەوەژیانی ئاشتییانە و حوکمڕانیی دانایانەیە لە سەر بنەمای هاوبەشی و یەکسانی وسازان و سیستمی فیدراڵی و چارەسەری بنیادنەرە، بەغدا دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتی بە ئەنقەست دروستکردنی قەیران، لە جیاتی گەڕانەوە بۆ دەستوور و میکانیزمە یاسایی و دامەزراوەییەکان لە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکاندا.
دەشڵێت: ئەو هەنگاوەی بەغدا کە لە سەر بیانووی بێ بنەمای دەستووری ویاسایی دامەزراوە، سەرپێچییەکی ڕوون و ئاشکرای دەستووری عێراق و یاسای بودجەی فیدراڵیە، چونکە ماددە پەیوەندیدارەکان باسی بڕینی پارەدارکردن ناکەن، بەڵکو باسی میکانیزمی ڕوون بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان (ئەگەر بە ڕاستی هەبن) دەکەن، لە ڕێگەی لیژنە پسپۆڕەکانەوە نەک بە سەپاندنی سزای بەکۆمەڵ.
کەمال کەرکووکی گوتیشی: ئەو پاساوانەی لە بەیاننامەی وەزارەتی داراییدا هاتوون، هیچ پەیوەندییەکیان بە کاری ژمێریارییەوە نییە و هیچ پەردەپۆشێکی یاساییش ناداتە ئەوەی کە گەلی هەرێمی کوردستان لە شایستە داراییەکانی بێبەش بکات.
ڕاشیگەیاند، ڕۆڵەکانی کوردستان، ململانێیان لەگەڵ سەختییەکاندا کردووە و ڕووبەڕووی تاریکترین هەلومەرج بوونەتەوە و شکستیان نەزانیوە، لە ئازار و چەرمەسەری ئیرادەیان بنیاد ناوە و، لە ژان خۆنەچەماندنیان دروست کردووە، لە ستەم شکۆی لە شکاندن نەهاتوویان دروست کردووە.
بەرپرسی پەیوەندی گشتی پارتی ڕوونیشی کردەوە، کوردستان لە قورسترین کارەساتەکان بە سەرکەوتوویی دەرچووە: هەر لە کیمیابارانەوە تا ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنفال و پاکتاوی نەژادی، تا گەمارۆ و برسیکردن و پیلانە ناوخۆیی و دەرەکییەکان. هەر کاتێکیش دوژمنەکانمان گەلەکۆمەیان لێی کردبێت، پیلانەکانیان لەسەر چیاکانی کوردستان تێکشکاون و، ستەمکارییەکانیان وەک شکست بەڕووی خۆیاندا دراوەتەوە.