بەردەڕەش.. خانەوادەیەک نانی جەژن بۆ 800 کەس ئامادە دەکات

لە گوندێکی سنووری بەردەڕەش لەگەڵ هەڵاتنی تیشکی خۆر، لە یەکەم ڕۆژی جەژن خانەوادەیەک خواردن بۆ نزیکەی 800 کەس ئامادەکات و پێویستە بەرلەوەی نوێژخوێنان لە مزگەوت بگەڕێنەوە خوانەکە ئامادەکرابێت.

هەینی، 6ـی حوزەیرانی 2025، جەو محەممەد، چێشتلێنەری خواردنەکە بە کوردستان24ـی گوت: دوای نوێژی بەیانی لە خەو هەڵساوم و مەنجەڵەکانم ئامادەکردووە، دواتر کفتەکانم لەسەر ئاگر دانا، چونکە لای ئێمە نەریت وایە لە یەکەم ڕۆژی جەژن خواردنی (ترشک) کفتە ئامادە دەکرێت و پێویستە خواردنەکە کەم خەوێ و سوێرنەبێت، کچان و ئافرەتانی دیکەش هاوکارم دەبن لە دروستکردنی.

لەلای خۆیەوە، زەید محەممەد ئەندامێکی خانەوادەکەیە بە کوردستان24ـی گوت: ئەم خواردنە لە شەودا لەسەر دەستی 40تاوەکوو 50 ئافرەت دروستدەکرێت، بەرلەوەی پیاوانی گوند لە مزگەوت بگەڕێنەوە، خوانی جەژن ئامادە دەکرێت، ئەم کولتوورە بۆ چەند سەدەیەک دەگەڕێتەوە لەنێو بنەماڵەکەمان و نەوە لەدوای نەوە پاراستوویانە و گرنگی پێدەدەن. 

لەدوای نوێژی جەژن، گەورە و بچووکی ئەم گوند ڕوودەکەنە ئەم ماڵە و بەبێ جیاوازی بەشداردەبن لەم کولتوورە، ئامادەکردن و خواردنی نانی جەژن نەریتێکی کۆنی کوردەوارییە و بەشێک لە بنەماڵە دیارەکان بە میوانکردنی خزم و دراوسێیەکان ئەم نەریتە زیندوو دەکەنەوە و گرنگی پێدەدەن. 

 

 

 
 

Fly Erbil Advertisment