کاروان ستونی: هەموو حاجییانی کوردستان سەلامەتن

گوتەبێژی بەڕێوبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: 12ـی ئەم مانگە، یەکەم کاروانی حاجییانی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی وشکانییەوە دەگەڕێنەوە کوردستان، 14ـی مانگیش یەکەم کاروانییان لەڕێگەی ئاسمانییەوە دەگەنەوە هەرێمی کوردستان.

ڕێوڕەسمەکانی فەریزەی حەج بەرەو کۆتایی دەچن و وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان هەموو ئامادەکارییەکی بۆ گەڕانەوەی حاجییانی کوردستان کردووە کە ژمارەیان 5 هەزار و 110 حاجییە.

شەممە 7ـی حوزەیرانی 2025، کاروان ستونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ڕێوڕەسمەکانی فەریزەی حەج بەرەو کۆتایی دەچێت و وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینیش ئامادەکاریی بۆ گەڕانەوەی حاجییان دەکات، دەشڵێت: حاجییان نزایان بۆ خەڵکی کوردستان کردووە لەو دۆخە ئابوورییە نا هەمووارە ڕزگارییان بێت کە بەهۆی بڕیارەکانی بەغداوە دووچاری بوونەتەوە، ڕاشیگەیاند: وەزارەتی ئەوقاف و بەڕێوبەرایەتی گشتی حەج و عومرە توانیوویانە خزمەتێکی بەرچاو لە مەراسیمی حەج پێشکەش بە حاجییانی کوردستان بکەن.

گوتەبێژی بەڕێوبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی کوردستان ئاشکرای کرد، بەپێی خشتەیەک، ڕۆژی 12ـی ئەم مانگە(حوزەیران) یەکەم کاروانی حاجییانی کوردستان بەڕێگەی وشکانی دەگەڕێنەوە کوردستان ئەگەر هیچ گۆڕانکارییەک لە خشتەکاندا نەکرێت، یەکەم گەشتی ئاسمانیش بۆ گەڕاندنەوەی حاجییانی کوردستان لە 14ـی مانگەوە بۆ هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانی دەست پێ دەکەن.

ئاماژەی بەوەش کرد، ساڵانە سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی، پاڵپشتی پرۆسەی فەریزەی حەجی حاجییانی کوردستان دەکات، ئەمساڵیش بە زیاتر لە 4 ملیار دینار پاڵپشتی پرۆسەی حەجی کرد، بەشێوەیەک حکوومەتی هەرێمی کوردستان  850 هەزار دیناری بەهەر حاجییەک داوە کە بەڕێگەی وشکانی چوونەتە حەج، هەر حاجییەک لەوان دەبووا 6 ملیۆن و 350 هەزار بدەن، کەچی تەنها 5 ملیۆن و 550 هەزاریان دا، هاوکات حکوومەتی هەرێمی کوردستان 650 هەزار دیناری بەهەر حاجییەک داوە کە بە ئاسمانیی چوونەتە سعوودیە بۆ فەریزەی حەج، لە کاتێکدا دەبوو 7 ملیۆن و 650 هەزار بدەن، بەڵام بە پشتیوانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تەنها 7 ملیۆنیان داوە.  ئاماژەی بەوەشکرد، حاجییانی کوردستان هەموویان سەلامەتن.

کاروان ستونی ئاشکرای کرد، وڵاتی سعوودیە ئەمساڵ هەموو ڕێکارێکی گرتەبەر بۆ ئەوەی ڕێگریی لە حەجی قاچاغ و نا یاسایی بکات، هیچ هاووڵاتییەکی کوردستانیش لەڕێگەی قاچاغەوە ئەمساڵ نەچووەتە سعوودیە بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج.

بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی حەجی سعوودیە، ئەمساڵ یەک ملیۆن و 475 هەزار و 230 کەس لەسەرتاسەری جیهان بە مەبەستی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج چوونەتە سعوودیە.