تەندروستی جیھانی لەبارەی پلازمای خوێن وەڵامی ترەمپ دەداتەوە
"ھێشتا لەژێر لێکۆڵینەوەدایە"
K24 - ھەولێر
رێکخراوی تەندروستی جیھانی رایگەیاند، بەکارھێنانی پلازمای خوێن شتێكی نوێ نییە و ھێشتا بە تەواوی پشتڕاست نەکراوەتەوە کە بۆ چارەسەری تووشبووانی کۆرۆنا بەکاربھێنرێت.
دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیدا بە بەکارھێنای پلازمای خوێنی ئەو کەسانەی کە لە تووشی ڤایرۆسەکە بوون و چاکبوونەتەوە، وەک چارەسەر بۆ تووشبووانی دیکە بەکاربھێنرێت رێکخراوی تەندروستی جیھانی رایگەیاند: "پلازمای خوێن سەدەی رابردووش بۆ چارەسەری چەندین نەخۆشی دیکە بەکارھاتووە و شتێکی تازە نییە".
رێكخراوی تەندروستی جیھانی دەڵێ: "پلازمای خوێن ھێشتا لەژێر لێکۆڵینەوەدایە و پێویستە لە تاقیگە پزیشکییەکاندا پشتڕاست بکرێتەوە".
رۆژی یەكشەمەی رابردوو 23/8/2020. ترەمپ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی رایگەیاند: "زۆر خۆشحاڵم بە راگەیاندنێکی مێژوویی لە جەنگەکەمان لە دژی ڤایرۆسە چینییەکە (ڤایرۆسی کۆرۆنا)، کە ژیانی ژمارەیەکی بێشووماری خەڵک رزگار دەکات. چارەسەرەکە بەکارهێنانی پلازمای خوێنی چاکبووانی کۆرۆنایە و رێژەی سەرکەوتنیشی سەرسوڕهێنەرە".
لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، لە ھەرێمی كوردستان و چەند وڵاتێكی دیكە پلازمای چاكبووەكان بۆ چارەسەری تووشبووان بەكاردەھێندرێت.