لە دوو ڕۆژی جەژندا لە هەولێر و ڕاپەڕین زۆرترین قوربانی کراوە

بە گوێرەی ئاماری کوشتارگەکانی هەرێمی کوردستان، لە هەولێر ڕێژەی قوربانی زیادی کردووە و لە هەڵەبجەش کەمی کردووە.

شەممە، 7ـی حوزەیرانی 2025، هەڵمەت هەمزە، بەڕێوەبەری کوشتارگەی هەولێر، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: ئەمڕۆ و دوێنێ لە کوشتارگەی هەولێر 617 ئاژەڵ سەربڕاون. لە یەکەم ڕۆژی جەژندا، 80 ئاژەڵی گەورە و 248 ئاژەڵی بچووک سەربڕاون. لە دووەم ڕۆژیش 59 ئاژەڵی گەورە و 230 ئاژەڵی بچووک سەربڕاون.

هەڵمەت هەمزە گوتیشی: بەراورد بە دوو ڕۆژی جەژنی قوربانی ساڵی ڕابردوو، 2024، ژمارەی ئاژەڵی قوربانیکراو زیاترە، ساڵی ڕابردوو لەیەکەم ڕۆژی جەژن 88 ئاژەڵی گەورە و 291ـی ئاژەڵی بچووک سەربڕاون، لەدووەم ڕۆژی جەژندا 21ـی ئاژەڵی گەورە و 138ـی ئاژەڵی بچووک سەربڕاون، کۆی ئاژەڵی سەربڕاو لە هەردوو ڕۆژەکەدا 538 ئاژەڵ بووە..

لەلای خۆیەوە، د.شاڵاو عارف، لە هۆبەی کوشتارگەی سلێمانی، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: لە هەردوو ڕۆژی جەژنی قورباندا 80 ئاژەڵی گەورە و 500 ئاژەڵی بچووک لە کوشارگەی سلێمانی سەربڕاون.

دڵنیا فارووق، بەڕێوەبەری ڤێتەرنەری هەڵەبجە، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: لە دوو ڕۆژی جەژنی قورباندا 40 ئاژەڵی گەورە و 136 ئاژەڵی بچووک سەربڕاون، بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ڕێژەی قوربانی کەمی کردووە لەو پارێزگایە.

حاجی موشیر، یاریدەدەری بەڕێوەبەری ڤێتەرنەری سۆران،  ئاماژە بەوە دەکات، ڕێژەی قوربانی لە سۆران بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، زیادی کردووە، تەنیا دوێنێ 95 ئاژەڵی گەورە و 165 ئاژەڵی بچووک سەربڕاون، بەڵام ئاماری دروستی ئەمڕۆ بەردەست نەبوو.

لە ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕینیش هاووڵاتییان بەڕێژەییەکی زۆر قوربانیان کرد، تەنیا دوێنێ لە گەڕەکێک شەش تۆن گۆشتی قوربانی بەسەر خەڵکی هەژار و کەمدەرامەت دابەش کراوە. 

قوربانی کردن لە شەریعەتی ئیسلامدا، لە ڕۆژانی جەژنی قوربان لەسەر ئەو موسڵمانانەی خوداپێداوان واجب کراوە، لە هەرێمی کوردستانیش ساڵانە ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییان قوربانی دەکەن و گۆشتەکەی بەسەر دراوسێ و خەڵکی کەمدەرامەت دابەش دەکەن.

 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment