ئیسرائیل گەڕاندنەوەی تەرمی بارمتەیەکی ڕاگەیاند

نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، گەڕاندنەوەی تەرمی بارمتەیەکی دیکەی لای حەماسی بۆ وڵاتەکە ڕاگەیاند.

شەممە 7ـی حوزەیرانی 2025، نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، کەسێکی تایلەندی کە لە هێرشەکانی 7ـی ئۆکتۆبەر لەلایەن حەماسەوە بە دیل گیرابوو، ئەمڕۆ هێزەکانمان تەرمەکەیان لە غەززە دۆزییەوە و گەڕاندییانەوە بۆ ئیسرائیل.

لای خۆیەوە نیکۆردێج بالانکورا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تایلەند، ڕاگەیاند: نیگەرانین بە بیستنی هەواڵی مردنی ناتاپۆن پینتا، کە ناوبراو لە هێرشەکانی 7ـی ئۆکتۆبەر لەلایەن حەماسەوە بە دیل گیرا.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تایلەند، باسی لەوە کرد، باڵیۆزخانەی شاهانەی تایلەند لە تەلئەڤیڤ، پەیوەندی بە خێزانی ناتاپۆن پینتا کردووە و لە گەڕاندنەوەی تەرمەکەی ئاگاداریانی کردووەتەوە.

لە سەرەتای هێرشەکانی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023،  حەماس 251 کەسی وەک بارمتە لە ئیسرائیل دەستبەسەر کرد، تا ئێستاش 55 بارمتەی لەلا ماوە، لەو ژمارەیە 24ـیان زیندوون و بەگوێرەی سوپای ئیسرائیلیش 31 لە بارمتەکان گیانیان سپاردووە.
ئیسرائیل بەردەوام هەوڵی گەڕاندنەوەی بارمتەکان دەدات، تا ئێستا توانیویەتی 148 بارمتە  بگەڕێنێتەوە لای خێزانەکانیان.
هەروەها سوپای ئیسرائیل تەرمی 51 بارمتەیان تا ئێستا گەڕاندووەتەوە ئیسرائیل، لەوانە 40 تەرمیان لە ڕێگەی ئۆپەراسیۆنی سەربازییە دۆزراونەتەوە.

 
 
Fly Erbil Advertisment