باپیر کامەلا: بەغدا لە بەهێزبوونی ئابووریی هەرێمی کوردستان دەترسێت

باپیر کامەلا، سکرتێری پارتی کرێکاران و ڕەنجدەرانی کوردستان
باپیر کامەلا، سکرتێری پارتی کرێکاران و ڕەنجدەرانی کوردستان

سکرتێری پارتی کرێکاران و ڕەنجدەرانی کوردستان دووپاتی دەکاتەوە، بەغدا ترسی لە بەهێزبوونی ئابووریی هەرێمی کوردستان هەیە و ڕێگریی لە پێشکەوتنی دەکات. دەشڵێت: یەکدەنگیی کورد بەرامبەر فشارەکانی بەغدا گرنگە.

یەکشەممە، 08-06-2025، باپیر کامەلا، سکرتێری پارتی کرێکاران و ڕەنجدەرانی کوردستان لە کاتی بەشداریی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24، دووپاتی کردەوە "بڕیاری وەزارەتی دارایی عێراق بۆ نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، بە تایبەت پێش جەژنی قوربانی پیرۆز، سیاسییە زیاتر لەوەی ئابووری و کارگێڕیی بێت."

 باپیر کامەلا گوتیشی: حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پابەندنییەکانی خۆی بەرانبەر بە یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی جێبەجێ کردووە تا مانگانە مووچەی فەرمانبەرانی لە لایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە خەرج بکرێت، بەڵام ئەوە بەغدایە کە پابەندی بڕیارەکان و یاسای بودجە نەبووە. هیچ گەرەنتییەک نییە لە داهاتووشدا پابەندی هیچ ڕێککەوتنێک ببن. پێویستە لەم پرسەدا فراکسیۆنە کوردستانییەکانی پەرلەمانی عێراق یەکدەنگ بن و کێشە ناوخۆییەکان وەلا بنێن، چونکە پرسەکە پەیوەندیی بە هەموو کوردستانییانەوە هەیە نەک تەنها حزب و لایەنەکان."

سکرتێری پارتی کرێکاران و ڕەنجدەرانی کوردستان باسی لەوەش کرد "بە درێژایی مێژوو، حکوومەتە یەک لە دوا یەکەکانی عێراق بەردەوام گەمارۆی ئابوورییان خستووەتە سەر باشووری کوردستان، تا لە ڕووی ئابووری و ئاوەدانییەوە گەشە نەکات. بەغدا گەشەی ئابووریی هەرێمی کوردستان بە مەترسی لەسەر خۆی دەزانێت و وا دەزانێت بەرەوە کیانێکی سەربەخۆ دەچین کاتێک ئابوورییەکی سەربەخۆمان هەبێت." 

باپیر کامەلا، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەوەشی خستە ڕوو "بە گوێرەی دەستووری هەمیشەیی عێراق و بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی، پێویستە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی فەرمانبەرانی هەموو پارێزگاکانی دیکەی عێراق مانگانە لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا دابەش بکرێت و لە کێشە سیاسییەکانیش دوور بخرێتەوە، بەڵام بەداخەوە وەک هەمیشە، حکوومەتی فیدراڵی پابەندی بڕیار و ڕێککەوتنەکان نەبووە."