مەسرور بارزانی: کاریگەرییەکانی ئەنفال تاوەکو دەیان ساڵی دیکەش دەمێننەوە

"بۆ گه‌لى كوردستان ئه‌نفال، ته‌نها رووداو و ژماره‌ نییه‌"

K24 - هەولێر

32 ساڵ بەسەر ئەنفالی بادینان تێدەپەڕێت و سەرۆکی حومەتی هەرێمی کوردستانیش لەم بۆنەیەدا دەڵێ "کاریگەرییەکانی ئەنفال تاوەکو دەیان ساڵی دیکەش دەمێننەوە".

ئه‌نفالكردنى بادينان كه‌ كۆتا شاڵاوى ئه‌نفال بوو، له‌ 25ـی ئاب‌ تاوەکو 6ـی ئه‌يلوولى 1988 هه‌موو ناوچه‌كانى بادينانى گرته‌وه‌ و تێيدا كيمياباران و گرتن و كوشتن و راگواستن و وێرانكرنى مزگه‌وت و دێر و دێهات و ناوچه‌كانى بادينان له‌لايه‌ن پێنج فيرقه‌ى سه‌ربازييه‌وه‌ ئه‌نجام درا.

مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (25-8-2020) پەیامێکی بەم بۆنەیەوە بڵاوکردەوە و، رایگەیاند "بۆ گه‌لى كوردستان ئه‌نفال، ته‌نها رووداو و ژماره‌ نییه‌، به‌ڵكو جینۆسایدکردن و هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ی میلله‌تێك بووه‌ به‌ مێژوو و جوگرافیا و شوێنه‌وار و ژینگه‌كه‌یه‌وه‌".

دەقی پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی ساڵیادی ئەنفالی بادینان


32 ساڵ له‌ مه‌وبه‌ر رژێمی به‌عسی عێراق له‌ چوارچێوه‌ی پرۆسه‌ی ئه‌نفالدا، دوا قۆناغی ئەنفالی لە بادینان ئەنجامدا و لەم شاڵاوەدا ، هەزاران کەسی شەهید و بێسه‌روشوێن کرد و سه‌دان گوندیشی خاپوور كرد.

بۆ گه‌لى كوردستان ئه‌نفال، ته‌نها رووداو و ژماره‌ نییه‌، به‌ڵكو جینۆسایدکردن و هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ی میلله‌تێك بووه‌ به‌ مێژوو و جوگرافیا و شوێنه‌وار و ژینگه‌كه‌یه‌وه‌، كه‌ كاریگه‌رییه‌كانی تا ده‌یان ساڵی دیكه‌ش ده‌مێننه‌وه‌.

ئەم یادە خه‌مناكانە پێویستە هەمیشە هاندەری زیاترمان بن بۆ داکۆکیکردن لە مافە ڕەواکانی میللەتەکەمان و یادکردنەوەی قوربانیانی ئەو تاوانانەی بەرامبەر گەلی کوردستان ئەنجام دراون. یه‌كێك له‌ مافه‌ یاسایى و ده‌ستووریەکانیشمان، قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی كه‌سوكاری ئه‌نفالكراوانه‌ به‌ پێی‌ بڕیاری‌ دادگای‌ باڵای‌ تاوانه‌کانی‌ عێراق.

له‌ كۆتاییدا سه‌ری رێز و نه‌وازش بۆ شه‌هیدانی ئه‌نفال و سه‌رجه‌م شه‌هیدانی رێگه‌ی رزگاریخوازى كوردستان داده‌نه‌وێنم.

مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2020/8/25