ئەو شۆفێرەی بە بارھەڵگر خۆی بە گەنجێکدا کێشا و هەڵات، دەستگیرکرا

گەنجەکە بەهۆی رووداوەکە گیانی لەدەستدابوو

K24 - ھەولێر

ئەو شۆفێرەی بە بارهەڵگر خۆی بە کەسێکدا کێشا و بووە هۆی گیانلەدەستدانی پاشان هەڵات، دۆزرایەوە و لەلایەن ئاسایشی هەولێر دەستگیرکرا.

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ھەولێر لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرای كرد، كەسێكیان دەستگیركردووە چەند رۆژێک لەمەوبەر بە بارھەڵگر خۆی بە گەنجێکدا کێشاوە كە ماتۆڕسكیلی پێبووە و گیانی لەدەستداوە.


دەقی راگەیاندراوی ئاسایشی هەولێر:

لە رێککەوتی ٢٠-٨-٢٠٢٠ رووداوێکی هاتووچۆ لەنێوان ماتۆڕسکیلێک و بارهەڵگرێک لە شاری هەولێر لە شەقامی مەخموور روویدا. رووداوەکە بووە هۆی گیانلەدەستدانی شۆفێری ماتۆڕسکیلەکە بە ناوی ( مەهدی سعدی حەسن سەعدی) و بارهەڵگرەکەش نەوەستابوو و رایکردبوو.

دوای رووداوەکە تیمەکانی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی بەڕێوەبەرایەتیمان توانیان بارهەڵگرەکە و تاوانباری راکردوو بە ناوی (ک.م.أ.) بدۆزنەوە و ئەمڕۆ دەستگیری بکەن.

لەسەر فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە، رێکارە یاساییەکانی بەرامبەر وەردەگیرێت.

راگەیاندنی ئاسایشی هەولێر