بەڕێوەبەری گشتی دیوانی چاودێریی هەرێم: نووسراوەکەی تەیف سامی دژ بە دەستوور و یاسایە

محەممەد زراری، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم ئاماژە بەوە دەکات، بڕیارەکەی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، دژ بە دەستوور و یاسایە، دەشڵێت: بەپێی دەستوور، نابێت جیاوازیی لەنێوان هاووڵاتییانی عێراق بکرێت.
یەکشەممە 8ـی حوزەیرانی 2025، محەممەد زراری، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی چاودێری دارایی هەرێم بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: نووسراوەکەی تەیف سامی، وەزیری دارایی فیدراڵ لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان جێی سەرسووڕمانیان بووە لەبەر ئەوەی سەرپێچی یاسایی و دەستووریی زۆری تێدایە، دەشڵێت: لەماددەی 14ـی دەستوور ئاماژە بەوە کراوە، نابێت جیاوازیی لەنێوان چین و توێژەکانی عێراق بکرێت، بەڵام جیاوازییەکی زۆر لەنێوان هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و هاووڵاتییانی ناوچەکانی دیکەی عێراق دەکرێت، لە ناوچەکانی عێراق کێشە بۆ مووچەی فەرمانبەران دروست ناکرێت، بەڵام هەر مانگێک بە بیانووێک مووچەی خەڵکی کوردستان ڕادەگرن.
محەممەد زراری ئاماژەی بە ماددەی 121ـی دەستووری عێراق کرد کە هەرێمی کوردستان هەرێمێکی فیدراڵییە، ناردنی لیستی مووچە هەموو مانگێک بۆ بەغدا بەپێی ئەو ماددەیە، نا دەستوورییە، هەر بەپێی ئەو ماددەیە پێویستە هەرێمی کوردستان بوودجە و بەشی خۆی لە بەغداوە بێ کێشە بۆ بێت، نەوەک لیست بنێردرێت و چاوەڕێ بکرێت بەغدا ڕازی بێت و مووچە بنێرن، بەپێی ئەو ماددە دەستوورییە، هەرێمەکان مافی خۆیانە دەسەڵاتی پەرلەمانی و جێبەجێکردن و دادوەریی خۆیان بەکاربێنن، کە دەبووا هەرێم ئەو دەسەڵاتانە بەکاربێنێت.
محەممەد زراری ئاماژە بەوەش دەدات، وردبینی بەپێی یاسای بوودجە سێ مانگ جارێک دەکرێت و دەنێردرێت بۆ بەغدا، نەوەک هەموو مانگێک، دەشڵێت: ڕۆژانەی داهاتی نەوتی کوردستان لە بەغدا هەژمار کراوە، بێ هەژمارکردنی خەرجیی بەرهەمهێنانی نەوت.
بەڕێوەبەری گشتی چاودێری دارایی هەرێم ئاشکرای دەکات، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیی هەیە سەدا 50ـی داهاتی خاڵە سنوورییەکان و باجی دەرامەت بۆ بەغدا بنێرێت، بەغدا بەوە ڕازی نییە و داوای تەواوی داهاتی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ ئەوەی سەدا 50ـی داهاتەکەی خۆی بۆ بنێرێتەوە، دەڵێت: گرفتەکە لەوەدایە ئەو یاسایە لە ساڵی 2019ـەوە تاکو ئێستا، هیچ ڕێنماییەکی بۆ دەرنەکراوە، یاساکە شیی نەکراوەتەوە بەشی هەرێمی کوردستان و بەشی حکوومەتی فیدراڵیی چەندە وچۆنە، دەڵێت: پێویستە لێژنەیەک بۆ چارەکردنی ئەو کێشەیە پێک بێت، لەگەڵ ئەوەی مانگانە حکوومەتی هەرێمی کوردستان پارەی بۆ گەنجینەی عێراق ناردووە و هیچ گلەییەک لەو بارەوە نەبووە، بەو شێوەیەش دەردەکەوێت کێشەکە لە ناردنی داهاتی کوردستان نییە.
لەبارەی بەشی هەرێمی کوردستانیش، محەممەد زراری گوتی: ئەو پارەیەی بۆ هەرێمی کوردستان دیاریکراوە لە یاسای بوودجە، بەپێی خەمڵانی بەغدا 12.67ـە، ئەو ڕێژەیەش لەیاسای بوودجە ئاماژەی بۆ نەکراوە، نازانین ئەوان بۆ دیاریکردنی ئەو ڕێژەیە بۆ هەرێمی کوردستان پشتییان بە چی بەستووە، لەگەڵ ئەوەی ئەو ڕێژەیەش بۆ هەرێمی کوردستان نانێرن، بەڵکو پرسی خەرجی ڕاستەقینەیان هێناوەتە پێش، لەوێوە بۆ هەرێمی کوردستان پارە هەژمار دەکەن، خەرجیی هەرێمی کوردستان ناخەنە نێو خەرجییەکانی عێراق، بۆ ئەوەی بەشی هەرێمی کوردستان زیاد نەکات.
بەڕێوەبەری گشتی چاودێری دارایی هەرێم ڕایگەیاند: سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان بەقەد سەدا 50 داهاتی ناوخۆی عێراق، داهاتی هەیە، ئەو داهاتەشی ناردووە بۆ بەغدا، لە کاتێکدا بەغدا بە تەنها دانیشتووانی بەقەد هەرێمی کوردستانە، کەس نازانێت داهاتەکەی بۆ کوێ دەچێت.