سەرۆكی پێشووی شارەوانی ھەڵەبجە دۆزرایەوە
سێ رۆژ بێسەروشوێن بوو
K24 – ھەڵەبجە
دوای سێ رۆژ بێسەروشوێن بوونی، كەمێك لەمەوبەر خدر كەریم سەرۆكی پێشووی شارەوانی ھەڵەبجە دۆزرایەوە.
بەگوێرەی زانیارییەكانی كوردستان24، خدر كەریم ھەڵدێراوە، بۆیە بێسەروشوێن بووە، بۆیە دوای دۆزینەوەی بەرەو نەخۆشخانە بەڕێكراوە.
پەیامنێری كوردستان24 لە ھەڵەبجە رایگەیاند: "خدر كەریم، لەنزیک گۆڕستانی باوەکۆچەک دۆزراوەتەوە و تەندروستی باشە بەڵام کەمێک بێهێزە. بۆ پشكنینی تەندروستی گەیەندراوەتە نەخۆشخانە و دوای دۆزینەوەی دەزگا ئەمنییەكانی ھەڵەبجە تائێستا ھیچ لێدوانێكی فەرمیان لەبارەی ھۆكاری بێسەروشوێن بوونی نەداوە".
خدر كەریم، لە ساڵی 2005 وەك سەرۆكی شارەوانی ھەڵەبجە دەسبەكاربووە و تا ساڵی 2015 لە پۆستەكەی ماوەتەوە. لە رۆژی یەكشەمەی رابردوو 23/8/2020 لە ماڵەكەی چووە دەرەوە و بێسەروشوێن بوو.
لە ساتی بێسەروشوێن بوونیەوە كەسوكاری بۆ سۆراغكردنی بە دوای دا دەگەڕان، ئەمڕۆش تیمێكی فڕۆكەوانی پارێزگای سلێمانی بۆ ئەم مەبەستە گەیشتنە ھەڵەبجە و لەگەڵ پۆلیسی ھەڵەبجە كێیوماڵی ناوچەكەیان كردووە.