تورکیا.. لە سێ ڕۆژی جەژندا 31 کەس بە ڕووداوی هاتوچۆ گیانیان سپاردووە
لە سێ ڕۆژی جەژنی قوربان لە تورکیا و باکووری کوردستان زیاتر لە 30 کەس بە ڕووداوی هاتوچۆ گیانیان سپاردووە.
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لە ڕاگەیەنراوێکدا ئـــەوەی خستە ڕوو، لە سێ ڕۆژی جەژنی قورباندا لە سەرتاسەری تورکیا و باکووری کوردستان، دوو هەزار و 239 ڕووداوی هاتوچۆ ڕوویان داوە.
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکەی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، لە ئەنجامی ئەو ڕووداوانەدا، 31 کەس گیانیان سپاردووە و سێ هەزار و 590 کەسیش بریندار بوونە.
لەلایەن خۆییەوە عەلی یارلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا، لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، هۆی سەرەکی ڕووداوەکانی هاتوچۆی لە ڕۆژانی جەژن بۆ خێرایی شۆفێران، نەبەستنی پشتێنی سەلامەتی، بەکارهێنانی مۆبایل لە کاتی شۆفێری، خەو و هیلاکی گەڕاندەوە.
پێنجشەممە، 05-06-2025، واتە ڕۆژی عەرەفە، 863 ڕووداوی هاتوچۆ لە سەرتاسەری تورکیا و باکووری کوردستان ڕوویان دا؛ لە ئەنجامدا 10 کەس گیانیان سپارد و هەزار و 319 کەسی دیکەش بریندار بوون. هەروەها 23 هەزار و 275 ئۆتۆمبێل بەهۆی تیژڕۆییەوە تووشی سزای پێبژاردن بوون.
بەپێی ئاماری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، لە جەژنی ڕەمەزانی ئەمساڵدا؛ دوو هەزار و 650 ڕووداوی هاتووچۆ ڕوویان دا، بەهۆیەوە 72 کەس گیانیان سپارد و 8 هەزار و 313 کەسی دیکەش بریندار بوون.