ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئێران و عێراق گەیشتووەتە 12 ملیار دۆلار

سەرۆکی ژووری بازرگانیی هاوبەشی ئێران و عێراق ڕایگەیاندووە، قەبارەی ئاڵوگۆڕیی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات لە ساڵی ڕابردوودا، گەیشتووەتە نزیکەی 12 ملیار دۆلار. ئاماژەی بەوەش دا، دەیانەوێت لەساڵی داهاتوودا ئەو ڕێژەیەی بەرز بکەنەوە بۆ 15 ملیار دۆلار.

دووشەممە، 9ـی حوزەیرانی 2025، جیهان بەخش سەنجابی شیرازی، ئەمینداری گشتیی ژووری بازرگانیی هاوبەشی ئێران و عێراق، ڕایگەیاند "هاوردەی ئێران لە عێراقەوە بۆ ساڵی 2024، نزیکەی 754 ملیۆن دۆلار بووە، کە بەراورد بە ساڵی 2023 زیادی کردووە."

سەنجابی شیرازی، ڕوونیشی کردەوە، تێکڕای هاوردەکردنی ئێران لە عێراقەوە بە شێوەیەکی ئاسایی ساڵانە لە 100 ملیۆن دۆلار تێ نەپەڕیوە، جگە لە ساڵی 2022 کە هاوردەکردن نزیکەی یەک ملیار و 70 ملیۆن دۆلار بووە، کە بەشێکی بۆ هاوردەکردنی ماددە خۆراکییەکان بووە لە ڕێگەی قەرزەکانی بانکی TBI ی عێراقییەوە .

سەبارەت بە ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ئێران و عێراق، شیرازی پێشبینی کرد، قەبارەی بازرگانی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی 2024، 20% گەشە بکات و هیوای خواست کە ئاڵوگۆڕی بازرگانی 13 ملیار دۆلار تێ پەڕێنێت و تا کۆتایی ساڵی 2026، بگاتە 15 ملیار دۆلار.

ئەمینداری گشتیی ژووری بازرگانیی هاوبەش باسی لەوەش کرد، عێراق دووەم گەورەترین هاوبەشی بازرگانیی ئێرانە.