جۆرە ماسیەکی دەگمەن لە زۆنگاوەکانی زیقار دەدۆزرێتەوە
تیمی ڕێکخراوی ژینگەی چبایش، بوونی ماسی 'سلور'ـی ئەفریقی لە زۆنگاوەکانی چبایش لە پارێزگای زیقار پشتڕاست کردەوە.
ڕێکخراوی ژینگەی چبایش لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، "دووەم جارە ئەو جۆرە ماسیە دەدۆزرێتەوە و بە فەرمی لە ناوخۆی عێراق تۆمار کراوە، ئاماژەی بەوەش کرد، پێشتر لە ڕووباری دیجلە لە نزیک شارەکانی بەغدا و موسڵ لەلایەن توێژەرانی زانکۆی بەغداوە بینراوە. بەڵام ئەمە یەکەم جارە لەناو زۆنگاوەکاندا بدۆزرێتەوە، کە زۆنگاوەکان لە لیستی شوێنەواری جیهانیدا تۆمارکراون."
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "تیمی لێکۆڵینەوە داوای چاودێریی وردی ئەم جۆرە ماسیەی کردووە، هەروەها چاودێریی کاریگەریی ئەم ماسییە لەسەر جۆرەکانی دیکە لە زۆنگاوەکاندا دەکات، هۆشدارییان داوە لە ئەگەری فراوانبوونی ماسی سلور لەسەر حیسابی جۆرە ماسییە ناوخۆییەکان، کە ڕەنگە ببێتە هۆی ناهاوسەنگی و قورسبوونی چارەکردنی کێشەکە.
ماسییەکە سەر بە خێزانی ماسی سلورەکانە و باڵێکی درێژی هەیە، هەروەها چوار جووت مووی هەستیاری تایبەتمەندی هەیە. ئەم تایبەتمەندیانە توانایەکی گەورەی پێ دەبەخشێت بۆ هەستکردن و مانەوە لە ئاوە قوڕاوی و لێڵەکاندا، ئەمەش یارمەتی دەدات خۆی لەگەڵ ژینگە نوێیەکان بگونجێنێت و زاوزێ بکاتەوە.
زانایان ئەم جۆرە ماسییە وەک جۆرە دەگمەنەکان هەژمار دەکەن، ئەمەش ڕەنگە مەترسیی لەسەر هاوسەنگی جۆرە ماسییە ناوخۆییەکان هەبێت لە زۆنگاوەکاندا.
