نرخی كارەبای پڕۆژە كشتوكاڵییەكان كەمدەكرێتەوە

وەزارەتی كشتوكاڵ و كارەبا گفتوگۆیان لەسەر ھەماھەنگی زیاتر كردووە

K24 - ھەولێر

وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بە هاوكاری وەزارەتی كارەبا كرێی كارەبای بەشێكی پڕۆژە كشتوكاڵییەكانی كەمكردەوە و بڕیارە سەرجەم پڕۆژە كشتوكاڵییەكان كرێی كارەبایان كەمبكرێتەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی كشتوكاڵ لە میانی كۆبوونەوەیەكی نێوان بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو و كەمال محەمەد وەزیری کارەبا، كە بریكاری وەزارەتی كارەبا و ژمارەیەك بەڕێوەبەری گشتی هەردوو وەزارەت ئامادەبوون گفتوگۆكراوە لەسەر كەمكردنەوەی نرخی كارەبا بۆ پڕۆژە كشتوكاڵییەكان وەك پاڵپشتی لە كەرتی كشتوكاڵ و ئاودێری.

هەماهەنگی نێوان هەردوو وەزارەت، لەپێناو بایەخدان بە كەرتی كشتوكاڵ، هەروەها لیژنەی هاوبەش بۆ ئاسانكاری لە كەمكردنەوەی نرخی كارەبا بۆ پڕۆژە كشتوكاڵیەكان گفتوگۆی وردی لەسەر كرا.

ئاماژە بەوەشكراوە، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە رێگەی نوسراوێكەوە داوای كردوە كرێی كارەبای پڕۆژە كشتوكاڵییەكان كەمبكرێتەوە. كە بریتین لەم پڕۆژانە:.

1- خانووی پلاستیكی

2- كارگەكانی ئالیك

3- سەربڕخانەكان

4- پڕۆژەكانی قارچك

5- پڕۆژەكانی هێلكە و دەواجن

6- پڕۆژەكانی ماسی

7- پڕۆژەكانی گاوداری و شیرەمەنی

8- كارگەكانی زەیتی زەیتوون

9- كارگەكانی دۆشاوی تەماتە

10- یانەی ئەسپسواری

11- سەرجەم كارگەكانی  پیشەسازی خۆراك كە بەرهەمی خۆماڵی بەكار دەهێنن.

روونكراوەتەوە، وەزارەتی كارەبا هاوكارە لە كەمكردنەوەی نرخی كارەبا بۆ پڕۆژە كشتوكاڵییەكان، بە جۆرێك نرخی كارەبای بەشێكی پڕۆژە كشتوكاڵییەكان لە 130 دینار كەمكراوەتەوە بۆ 30 دینار.