وەزارەتی کارەبا: بڕی 1.4 ملیار دینار دەگەڕێندرێتەوە بۆ هاوبەشانی پرۆژەی ڕووناکی

وەزارەتی کارەبا ڕایگەیاند: هاوبەشانی پرۆژەی ڕووناکی، بڕی 1.4 ملیار دیناریان بۆ دەگەڕێندرێتەوە، واتە هەر ماڵێک تا 20 هەزار دینار بە شێوەی کرێدیت (رصيد) بۆ پسوولەکانیان وەردەگرنەوە.

سێشەممە 10ـی حوزەیرانی 2025، وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا مزگێنی دەداتە هاوبەشانی پرۆژەی ڕووناکی و دەڵێت: بڕی 1.4 ملیار دیناریان بۆ دەگەڕێندرێتەوە، هەروەها ئەم بڕیارەش ئەو هاوبەشانە دەگرێتەوە کە پێشتر پارەیەکی زیاترییان دابوو بۆ پسوولەی کارەبا، بە بەراورد بەو نرخە نوێیانەی ئەنجوومەنی وەزیران کە لە چەند هەفتەی ڕابروودا پەسەندی کردبوو.

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە دا، لە ئەنجامی ئەمەشدا، زیاتر لە 60 هەزار خێزان کە کارەبای 24 کاتژمێرییان هەیە سوودمەند دەبن لەو بڕە پارەیەی کە حکوومەت دەیگەڕێنێتەوە بۆیان بەشێوەی کرێدت (رصيد) بۆ پسوولەکانی مانگی پێنج. 

باسی لەوەش کرد، هەر یەکێک لەم ماڵانە تا 20 هەزار دینار بە‌ شێوەی کرێدت لەسەر پسوولەکانیان وەردەگرنەوە، هەندێک گەڕەک هەن کە ماڵەکانیان بە تێکڕا تا نزیکەی 80 هەزار دیناریش وەردەگرنەوە، هاوکات زیاتر لە 10 هەزار خێزان بەهۆی گەڕانەوەی ئەمە بڕە پارەیە بۆیان، هیچ بڕە پارەیەک نەدەن بۆ پسوولەی کارەبای مانگی پێنج. 

ئەم هەنگاوە ئەو خێزانانە دەگرێتەوە: 

1- هاوبەشانی سوودمەندنەبوو لە بڕیارە نوێیەکەی ئەنجوومەنی وەزیران لەبارەی نرخی کارەبای پرۆژەکە.

2- ئەو هاووڵاتییانەش دەگرێتەوە کە سوودمەندنەبووبوون لە پاڵپشتی حکوومی بە ڕێژەی 15% لە مانگی سێیەمدا کە ئەویش لە چەند هەفتەی ڕابردوودا لە لایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پەسەند کرا. ئەمەش وەک پاڵپشتییەکی دیکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە لەسەر پاڵپشتی مانگی یەکەم بە ڕێژەی 50% و مانگی دووەم بە ڕێژەی 25%.

پێشتر ئەنجوومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ نرخە نوێیەکانی کارەبای پەسەند کرد، لە ئەنجامدا ئێستا 80%ـی هاووڵاتییان پارەیەکی کەمتر دەدەن بە کارەبا بە بەراورد بە پێشوو بۆ کارەبای مۆلیدەی ئەهلی و نیشتمانی. 

هەروەها حکوومەتی هەرێمی کوردستان تاوەکوو بڕی 200 ملیۆن دۆلاری بۆ ئەم پاڵپشتییانە و کۆمەڵێک دەستپێشخەری دیکە دابین کردووە بۆ پاڵپشتیکردنی زیاتری هاووڵاتییان.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment