تورکیا.. نزیکەی چوار هەزار ڕووداوی هاتوچۆ لە ڕۆژانی جەژنی قوربان تۆمار کراون
ڕۆژانی جەژن لە تورکیا بە سەلامەتی تێنەپەڕی و ژمارەیەکی زۆری ڕووداوی هاتوچۆ ڕوویان داوە و 44 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا ئەمڕۆ سێشەممە، 10ـی حوزەیرانی 2025، ڕایگەیاند: لە چوار ڕۆژی جەژنی قوربان سێ هەزار و 913 ڕووداوی هاتوچۆ ڕوویان داوە و بەهۆیەوە 44 کەس گیانیان لەدەستداوە و سێ هەزار و 370 کەسیش برینداربوونە.
وەزیری ناوخۆی تورکیا گوتی: لە 48٪ـی ڕووداوەکان بەهۆی سەرپێچی خێراییبوونە، بەشێکی دیکەیان بەهۆی سەرپێچیکردن بوونە لە یاساکانی سووڕانەوە و ئەوانی دیکەش بەهۆی پێکدادانی دواوە بوونە، ڕووداوە کوشندەکانیش زیاتر لەو ناوچانە ڕوویان داوە کە خێرایی سنووری نێوان 50 بۆ 80 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا جیاواز بووە.
عەلی یەرلیکایا ئاماژەی بەوە کردووە، لەو 44 کەسەی گیانیان لەدەستداوە 14 کەسیان شۆفێری ماتۆڕسکیل و سەرنشینی ماتۆڕسکیلەکە بوون.
بەگوێرەی بڵاوکراوەی وەزیری ناوخۆ، پێنج کەس لەوانەی گیانیان لەدەست داوە، لەژێر کاریگەریی مەیخواردنەوەدا بوونە و لەگەڵ هەبوونی چەند سەرپێچییهکی دیکە.