شاخەوان عەبدوڵلا: سەرەتای هەفتەی داهاتوو دادگای فیدراڵی بڕیار لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەدات

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکامان لەبارەی نەناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لەلایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە، ئاگادار کردووەتەوە.
شاخەوان عەبدوڵلا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەکۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ چوارشەممە، 11ـی حوزەیرانی 2025، ڕایگەیاند: وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا پەیوەندییان کردووە، پرسیاریان دەربارەی نەناردنی مووچە لەلایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە کرد، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە پەیامیان هەبێت لەم بارەیەوە.
شاخەوان عەبدوڵلا گوتی: لە دادگای فیدراڵی سکاڵا تۆمار کراوە، پێشبینی دەکرێت لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا بڕیار لەسەر مووچە بدات.
سێشەممە 10ـی حوزەیرانی 2025، تامی بروس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوە، وەڵامی کوردستان24ـی لەبارەی بڕینی مووچەی خەڵکی کوردستان لەلایەن بەغدا دایەوە و گوتی: ئێمە ئاگاداری مووچەبڕینی خەڵکی کوردستانین لە لایەن بەغداوە، داوا لە بەغدا و هەولێر دەکەین کێشەکانیان لە ڕێگەی گفتوگۆی بنیاتنەرەوە، بە گوێرەی ئەرکە دەستوورییەکان، چارە بکەن.
تامی بروس، ئاماژەی بەوەش کرد، چارەکردنی کێشەی مووچە ئاماژەیە بۆ ئەوەی عێراق ژینگەیەک دروست دەکات کۆمپانیا ئەمەریکییەکان بیانەوێت وەبەرهێنانی تێدا بکەن.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، گوتی: چارەیەکی سەرکەوتووانە ئاماژەیەکی ئەرێنی دەنێرێت لە بەیەکەوە کارکردنێکی گشتگیرتر کە لە بەرژەوەندیی هەموو عێراقییەکان بێت، وەك کردنەوەی هێڵی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیا، گەڕانێکی زیاتر بەدوای وزە، بە بەشداری کۆمپانیا ئەمریکاییەکانیشەوە.