ئاگر لە بەندەرێکی ئێران کەوتەوە و 10 کەشتی سووتان

ئاگر لە بەندەری ڕاوچییانی شارۆچکەی پارسیان لە پارێزگای هورمزگان کەوتەوە و بەهۆیەوە 10 کەشتی سووتان. بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.

ئاژانسی هەواڵی فەرمی کۆماری ئیسلامیی  ئێران, (ئیرنا) ڕایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12ـی حوزەیران 2025، بەندەری ڕاوچییانی 'جواد الائمة' ی شارۆچکەی پارسیان، لە پارێزگای هورمزگان ئاگری گرتووە و تا ئێستەش کۆنترۆڵ نەکراوە.

بە گوێرەی ئیرنا، لە ئەنجامی ئاگرەکەدا تا ئێستا 10 کەشتیی ڕاوچییان سووتاون و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، بەڵام ئاگرەکە بەردوامە و کۆنترۆڵ نەکراوە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، زیاتر لە 70 کەشتیی ڕاو لەو بەندەرەدا لەنگەریان گرتووە و مەترسی سووتانیان لەسەرە، هەرچەند تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەی شارۆچکەکە گەیشتوونەتە بەندەرەکە و لە هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەدان، بەڵام تا ئێستە نەیانتوانیوە کۆنترۆڵی بکەن.

بەپێی قسەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ماسیی هورمزگان، ئەو بەندەرە ڕۆڵێکی گەورە لە دابینکردنی ماسی بۆ پاریزگاکە دەبینێت.