بە ڕەزامەندیی سەرۆکی حکوومەت، دوو ملیار دینار بۆ چارەکردنی گرفتی کەمئاوی تەرخان کرا
بە ڕەزامەندیى سەرۆکى حکوومەتی هەرێمى کوردستان، بڕی دوو ملیار دیناری دیکە بۆ چارەکردنى کەم و کووڕیی و گرفتەکانى ئاو تەرخان کرا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 2025.6.12، پارێزگای هەولێر راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە تێیدا هاتووە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر دەربارەی کار و پڕۆژە و پلان و بەرنامەکانى چارەکردنی کیشەی ئاو و بەدواداچوون بۆ کارى پڕۆژەکانى فریاگوزاریى خێراى ئاوى هەولێر و بەستنەوەی پڕۆژەکە بە تۆڕە ناوخۆییەکانی ناوشار، پرۆژەی ئاوی قوشتەپە و دەوروبەری، کۆ بووەوە.
لهمیانی کۆبوونەوەکەدا، ئومید خۆشناو پارێزگارى ههولێر، تیشکى خستەسەر پلان و بەرنامە ڕێژیی ئەو پڕۆژانەى کە لە ساڵانى ڕابردوودا بەپاڵپشتی و لەسەر فەرمان و ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەکردنی گرفتى کەمئاوى لە سنوورى پارێزگاى هەولێر کراون. پارێگاری هەولێر ئاماژەی بەوەش دا، قۆناغى زۆر باشمان بڕیووە و توانییومانە تاڕادەیەکى زۆر گرفت و کێشەکان چارە بکەین.
ئومێد خۆشناو، باسی لە بەدواداچوون بۆ کارەکانی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر و بەستنەوەی پرۆژەی خێرای ئاوی هەولێر بە تۆڕە ناوخۆییەکانى ناوشار و پرۆژەی ئاوی قوشتەپە و دەوروبەری کرد و گوتی: ئێستا لە 78%ى کارەکانى پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر و لە 90%ى کارەکانى بەستنەوەی پرۆژەکە بە تۆڕە ناوخۆییەکانی ناو شارى هەولێر تەواو بووە.
دەشڵێت: تاکو ناوەڕاستى مانگی 7ـی ئەمساڵ بەشێک لەو گەڕەکانەی کەوتوونەتە نێوان شەقامی ڕەشکین و تاوەکو شەقامی کۆیە لە دەرەوەى شەقامى خێراى 120 مەترى، کە پێشتر بەهۆی دابەزینی ئاستی ئاوی ژێر زەوی دووچاری کەم ئاوی هاتبوون، بەهۆى ئەو پڕۆژە ستراتیجییەوە ئاو دەگاتە گەڕەکەکانیان و کێشەی ئاویان نامێنێت.
هەروەها سەبارەت بە پڕۆژەى ئاوى قوشتەپەش کە ئێستا 40%ى کارەکانى کۆتایی هاتووە ڕایگەیاند، بڕیارە لە مانگى 11ى ئەمساڵ کارەکانی تەواو بن. گوتیشی: پرۆژەکان بەگشتى قۆناغى باشیان بڕیووە و لەم نزیکانە چارەسەرى بە شێکى زۆى کێشە و گرفتەکانى ئاو دەکات.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر ڕایگەیاند، کارەباى 24 کاتژمێرى بۆ ئەو بیرانە دابین دەکرێت کە ئاوى پاکى خواردنەوە دەدەنە ماڵان، هەروەها بۆ ئەو گەڕەکانەى کێشە و گرفتى کەمئاویان هەیە قەیرانەکانى پارێزگاى ڕاسپارد بە تەنکەر ئاویان بۆ دابین بکرێت، لە ئەگەرى کەمبونەوەی سەرچاوەکانی ئاویش، سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانی ڕاسپارد لە ئامادەباشی تەواودا بن و لە خێراترین کاتدا چارهی کێشە و گرفتەکان بکرێت.
پارێزگاری هەولێر دووپاتی کردەوە، لە سنوورى پارێزگاى هەولێر نابێت کەمترین گرفت و کێشەی کەم ئاوی هەبێت. گوتیشی: بۆ ئەم مانگەش، بە ڕەزامەندىی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتى هەرێمى کوردستان، بڕی دوو ملیار دیناری دیکە وەک فریاگوزاریى بۆ چارەکردنى کەم و کووڕى و گرفتەکان تەرخان کرا، لە مانگى ڕابردووش بڕى دوو ملیار و 500 ملیۆن دینار بۆ هەمان مەبەست تەرخان کرابوو.