بەشار موشیر ئاغا: حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرنگیی زیاتر بە بەرهەمی پەتاتە دەدات

شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هۆڵەندایە، گرێبەستێک بۆ کڕینی دوو ئامێری دروستکردنی فینگەری پەتاتە و کڕینی تۆوی پەتاتە بۆ ماوەی چوار ساڵ واژۆ دەکەن.

بەشار موشیر ئاغا، خاوەنی یەکێک لە کۆمپانیاکانی وەبەر‌هێنانی پەتاتە لە هەرێمی کوردستان، پێنجشەممە، 12ـی حوزەیرانی 2025، بە کوردستان24ـی گوت: ئەم پڕۆژەیە دەبێتە هۆی زیادبوونی دەرفەتی کار بۆ گەنجان و جووتیاران، ستراتیژییەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە گرنگی زیاتر بە کەرتی کشتوکاڵ بدات و هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات.

بەشار موشیر ئاغا هەروەها گوتی: حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئاسانکارییەکانی بۆ ئێمە کردووە، بۆ ئەوەی گەشەی زیاتر بە کەرتی کشتوکاڵ  بدەین و بتوانین بەرهەمی زیاتر هەناردەی وڵاتانی ئەورووپا بکەین. 

لە هەرێمی کوردستان، بەرهەمی پەتاتەی خۆماڵی بۆ چەند هێندەی ئاستی خۆی زیادی کردووە، بە هۆی باشی کواڵێتی بەرهەمەکەشەوە، خواستێكی زۆری لەسەرە، ئەمە جگە لەوەی لە لایەن بڕاندە جیهانییەکانیشەوە برەوێکی زۆری پەیدا کردووە.

پێنجشەممە، 1ـی ئایاری 2025، ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی دهۆک، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24، ڕایگەیاند "لە پارێزگای دهۆک، 48 هەزار دۆنم پەتاتە داچێنراوە، مەزەندە دەکرێت بەرهەمی ئەمساڵ نزیکەی 600 هەزار تۆن بێت."

بەڕێوەبەری کشتوکاڵی دهۆک دەڵێت: بەرهەمی پەتاتە لە کۆگاکانی پارێزگای دهۆک نەماوە و هاوردەکردنیشی قەدەغەیە. ئەوەی لە کۆگاکاندا هەیە، تەنیا بەشی ئەمساڵ دەکات.

گوتیشی: ئەگەر ئەم ساڵ بەرهەمی پەتاتە پێویستیی ناوخۆیی پڕ کردەوە، ئەوا هەناردەی ئوردن، ئیمارات، قەتەر و خواروو  و ناوەڕاستی عێراقی دەکەین.

 

 

 
 
 

Fly Erbil Advertisment