هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران نرخی زێڕی بەرزکردەوە

لەگەڵ هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، نرخی زێڕ لە بۆڕسەی جیهانی بەرزبووە و هەر مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بۆ 688 هەزار دیناری عێراقی بەرزبوەوە

دانا وەرتی، گوتەبێژی سەندیکای زێڕینگەرانی هەولێر، ئەمڕۆ هەینی، 13ـی حوزەیرانی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: لەگەڵ هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران نرخی زێڕ لە بۆڕسەی جیهانی بەرزبوەوە، بەجۆرێک هەر مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 ئەمڕۆ بە 688 هەزار دیناری عێراقییە.

گوتەبێژی سەندیکای زێڕینگەرانی هەولێر گوتیشی: دوو ڕۆژ لەمەوبەر لەگەڵ دەنگۆی هێرشەکان بۆ سەر ئێران نرخی زێڕ بۆ هەر مسقاڵێک گەیشتە 663 هەزار دینار و دوێنی پێنجشەممە بۆ 673 هەزار دینار بەرزبوویەوە، بەڵام بەرەبەیانی ئەمڕۆ گەیشتە 688 هەزار دینار.

گوتەبێژی سەندیکای زێڕینگەران دەڵێت: لە ئەگەری وەڵامدانەوەی هێرشەکانی لەلایەن ئێرانەوە بۆ سەر ئیسرائیل نرخی زێڕ زیاتر بەرزدەبێتەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، نرخی یەک ئۆنسەی زێڕ سێ هەزار و 401 دۆلارە، هەر ئۆنسەیەکیش شەش مسقال و چارگێکە

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، بڵاوی کردەوە، بارەگای سوپای پاسداران لە تاران و چەندین شوێنی دیکە لە ئێران لە لایەن ئیسرائیلەوە بۆردومان کرا.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوە دا، حوسێن سەلامی، فەرماندەی سوپای پاسداران، محەممەد باقری، سوپاسالاری ئێران، محەممەد تەهرانچی، سەرۆکی زانکۆی ئازادی ئیسلامی و فەرەیدون عەباسی، زانای بواری ئەتۆم، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە کوژران.

 
 
Fly Erbil Advertisment