ئەمەریكا عێراق بەرەو وازھێنان لە كارەبای ئێرانی دەبات
ئەنجامی دانووستانەكانی عێراق و ئەمەریكا بۆ ترەمپ سوودبەخش دهبێت
K24 - ھەولێر:
لە ژێر ناونیشانی سەرەوە كیریك سینین لە رۆژنامەی "ئیزفیستیا"ی رووسی گوتارێكی نووسیوە لە بارەی ھاوكاری واشنتن بۆ بەغدا لە رێكخستنی پەیوەندییەكانی كاركردن لەگەڵ سعوودیە و بەڵێندەرانی ئەمەریكی بۆ دوورخستنەوەی لە ئێران.
لە گوتارەكەدا ھاتووە: ئەمەریكا و عێراق وێڕای ناكۆكییەكانیان لە ھەندێك بواردا، بەڵام بەردەوامن لە دانووستان، یەكێك لە بوارە سەرەكییەكانی ھاوكاری، بواری وزەیە. ھەفتەی رابردوو وەزارەتی نەوتی عێراق چەند گرێبەستێكی بە بەھای 8 ملیار دۆلار لەگەڵ كۆمپانیا ئەمەریكییەكان واژووكرد.
واپێدەچێت ئەنجامی دانووستانەكان بۆ ترەمپ سوودبەخش بێت و كار لەسەر ئهنجامەكانی خولی دووەمی سەرۆكایەتی لە 3ی تشرینی دووەمی داھاتوودا بكات بە ئەنجامدانی رێككەوتنی نوێی ئابووری. ئەمەیان كاریكی گرنگە لە دوای ئەو داھێزانەی ئابووری ئەمەریكا بەخۆیەوە بینی لە ئەنجامی دابەزینی نرخی نەوت و پەتای كۆرۆناوە، لە ھەمان كاتیشدا ئیدارەی ئەمەریكا مەسەلەیەكی سیاسیی دەرەكی گرنگ چارەسەردەكات و بەردەوام دەبێت لەسەر فشارخستنە سەر ئێران.
عێراق جگە لەوی تواناكانی بەرھەمھێنانی كارەبای خۆی نوێدەكاتەوە، ئێستا خەریكی بەستنەوەی تۆڕەكانی كارەبای خۆیەتی لەگەڵ سیستەمی وزەی سعوودیە، دوای سی ساڵ لە دابڕان و نەگونجان لەگەڵ یەكتردا. كۆمپانیای The Market Herald ئوسترالی ئەم پلانانەی ئەمەریكا پشتیوانیان دەكات ناونا" ئاشتبوونەوەی وزەیی" لە ئەنجامی ھەوڵدانی بەغدا بۆ پشتنەبەستن بە غاز و كارەبای ئێرانی".
بەڵام تائێستا پڕۆژەكانی ھەمەجۆركردنی گەیاندنی كارەبا تەنھا پلانن و رێككەوتنی ھێنانی كارەبا لە ئێران، كە لە لایەن حكومەتی كازمییەوە واژووكراوە، بۆ ماوەی دوو ساڵە و نیوەی پارەكەی دراوە" مەزندە دەكرێت گرێبەستەكە بە بەھای 800 ملیۆن دۆلار بێت". وەك جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراقی، عەلی عەلاوی رایگەیاند،عێراق ناتوانێت پێش ساڵی داھاتوو دەستبەرداری كارەبای ئێران بێت.
ھەنگاو نەنانی كازمی بە شێوەیەكی خێرا لەم بارەیەوە بەوە راڤهی دەكات، كە رهچاوی ھەندێك رەھەندی سیاسی دەكات، چونكە ئێران پەیوەندییەكی بەھێزی لەگەڵ شیعە و ھەندێك لایەن ھەیە و بەغدا خۆی پێویستیی بەھۆكارێكی دیكەی ئەنجامدانی خۆپیشاندانەكان نییە.
سەرچاوە: RT