پوتن: ئامادەمە نێوەندگیری نێوان ئیسرائیل و ئێران بکەم

سەرۆکی ڕووسیا بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئێران و سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کردوو و ئامادەی خۆی بۆ نێوەندگری نێوانیان پیشانداوە.

کۆشکی سەرۆکایەتی ڕووسیا (کرێملن) ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ڕایگەیاندووە، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی وڵاتەکەی بە جیا بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران کردووە.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی کرێملن، ڤلادیمێر پوتن لەکاتی قسەکردن بە تەلەفۆن لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئیدانەی هێرشەکانی ئەو وڵاتەی بۆ سەر ئێران کردووە و بە سەرپێچی لە یاسای تەوەیەکگرتووەکان و نێودەوڵەتییەکان ناوی بردووە. 

هەروەها بە ناتانیاهۆی ڕاگەیاندووە، ئامادەیە نێوەندگیری نێوان ئیسرائیل و ئێران بکات.

هاوکات بگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی ئێران، پزیشکیان بە پوتنی ڕاگەیاندووە، وەڵامێکی گونجاوی هێرشەکانی ئیسرائیل دەدەنەوە.

دووپاتیشی کردووەتەوە، ئێران بە هیچ شێوەیەک بەدوای چەکی ئەتۆمییەوە نییە، ئامادەشن بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتڕاستی بکەنەوە.