ئێران هۆشداری دەداتە ئەو وڵاتانەی هاوکاری ئیسرائیل دەکەن

بەرپرسێکی ئێران ڕایگەیاند، هەر وڵاتێک هەوڵبدات ڕێگری لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئێران بگرێت، ئەوە هێرشی دەکەینەوە سەر.

تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن، لەسەر زاری بەرپرسێکی ئێران ڕایگەیاندووە، ئێران بە توندی هێرش دەکاتە سەر هەر بنکەیەکی سەربازی لە هەر ناوچەیەک کە هەوڵبدات پارێزگاری لە ئیسرائیل بکات.

ئاماژەشی داوە، ئێران لەسەر بنەمای یاسا نێودەوڵەتییەکان پارێزگاری لە خۆی دەکات.

دووپاتیشی کردووەتەوە، هەر وڵاتێک هەوڵبدات ڕێگری لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئێران بگرێت، ئەوە بنکە سەربازییەکان ئەو وڵاتانە دەکەینە ئامانج.

سی ئێن ئێن لەسەر زاری دوو سەرچاوەی ئیسرائیل و ئەمەریکا ڕایگەیاندووە، سوپای ئەمەریکا لە بەرپەچدانەوەی مووشەکەکانی ئێران هاوکاری ئیسرائیلی کردووە.

لە بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل چەندین هێرشی چڕی کردە سەر دەیان بنکەی سەربازی و دامەزراوەی ئەتۆمی لە سەرتاسەری ئێران، کە بە گوتەی ئەمیر حوسێن ئیروانی، نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل، 78 هاووڵاتی کوژران و 320 کەسی دیکەش برینداربوون.

هاوکات ئێران لە وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیل، بە سەدان مووشەک هێرشی کردە سەر تەلئەڤیڤ پایتەختی ئیسرائیل کە بە گوێرەی ئاژانسی ئەنادوڵۆی تورکیا، لە هەردوو هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، ئافرەتێکی ئیسرائیلی کوژراوە و 63 کەسی دیکەش بریندار بوون.