ئیسماعیل بەقایی: ئەمەریکا دانوستانەکانی بێ بەها کرد

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، ئەمەریکا بە کردەوەکانی، دانوستانەکانی بێ بەها کرد، بۆیە کشاینەوە.

ئاژانسی هەواڵی نێودەوڵەتی ئێران لەسەر زاری ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی بڵاوی کردووەتەوە، پەرەسەندنی ناکۆکییەکانی ئەم دوایانە بە تەواوی کاریگەری لەسەر کشانەوەمان لە دانوستانەکان لەگەڵ ئەمەریکا هەبووە، بۆ ئەمەش ئەمەریکا تۆمەتبار دەکەین، چونکە ڕێگەیان بە ئیسرائیل دا هێرشەکان بکەن.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران باسی لەوەش کردووە، ئیسرائیل بە هێرشکردنە سەر بنکە سەربازی و دامەزراوە ئەتۆمییەکان، هەموو سنوورەکانی بەزاندووە.

ئاماژەشی داوە، ئەمەریکا بە کردەوەکانی، دانوستانەکانی بێ بەها کرد، ناکرێت خۆت وا پیشان بدەی کە ئاشتیت دەوێت، بەڵام لە هەمان کاتدا هاوکاری دوژمنیش بکەیت.

ئیسماعیل بەقایی گوتیشی: ئیسرائیل ماویەکی زۆرە دەیەوێت، وڵاتانی ڕۆژئاوا لە ناکۆکییەکان تێوەبگلێنێت، بۆیە پێم وایە ئەمجارە لە ئامانجەکەی سەرکەتووبووە.

کەمێک پێش ئێستا سوپای پاسدارانی ئێران چوارەم هێرشی مووشەکیی بۆ سەر ئیسرائیل دەست پێکرد و لە ناوچەکانی باکووری ئیسرائیل زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدرایەوە.