دەرۆزەکەرەکانی ھەولێر دەستگیر دەكرێن
ھەوڵی بنبڕ كردنی دیاردەی دەرۆزەكردن دەكرێت
K24 – ھەولێر
ھێزەكانی پۆلیس لە ھەولێر ھەڵمەتی دەستگیر كردنی دەرۆزەكەرەكانیان دەستپێكردوە و ھەوڵدەدەن ئەم دیاردەیە لە شەقام و شوێنە گشتییەكان بنبڕ بكەن.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ھەولێر لە راگەیاندراوێكدا رایگەیاند: "بەشی پۆلیسی رێككاری، لە سەرشەقام و شوێنە گشتییەكان و ناوبازاڕ و ترافیكلایتەكان، هەڵمەتی سێیەمیان دەست پێكرد و ژمارەیەكی زۆر دەرۆزەكەریان دەستگیر كرد، كە لەو شوێنانە داوای پارە و خێریان لە خەڵک دەكرد و ببوونە مایەی بێزاری بۆ هاووڵاتییان، بەشێکی زۆریشیان بۆ راکێشانی سەرنجی خەڵک منداڵەکانیان لەسەر عارەبانە دادەنێن تا هاووڵاتییان سکیان پێ بسووتێن و خێریان پێ بکەن، لە کاتێکدا کە منداڵەکانیان هیچ کێشەیەکی تەندروستیان نییە، هەر کە پۆلیسیش دەبینن، عارەبانەکان جێدەهێڵن و رادەکەن".
ئاماژە بەوەشكراوە: "پۆلیس دووپاتیدەكاتەوە، دیاردەی دەرۆزەكردن، دیاردەیەكی ناشیرینە و سیمای شار دەگۆڕێت، بۆیە پێویستە بنبڕ بكرێت، بۆ ئەو مەبەستەش هەڵمەتەكە لە سەرجەم شوێن و شەقامەكانی ناوشار و دەرەوەی شاریش بەردەوام دەبێت".
پۆلیسی ھەولێر ئاشكرای كردووە، هەموو دەرۆزەکەرەکان بەپێی ماددە (390) لە یاسای سزادان، لە زینداندا راگیراون.
