وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان هاووڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: کارئاسانی بۆ گەڕانەوەی هاووڵاتییان دەکەین کە لە فڕۆکەخانەکانی ناوچەکە گیرییان خواردووە.
شەممە 14ـی حوزەیرانی 2025، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەنراوێکدا هاووڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە و دەڵێت: ژوورێکی هەماهەنگی لە دامەزراوەکانی هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە پێکهاتووە بۆ ئاسانکاری ڕێکارەکانی گەڕانەوەی هاووڵاتیانمان بۆ کوردستان کە لە فرۆکەخانەکانی دەوروبەر گیریان خواردووە.
وەزارتەکە ئاماژەی بەوە دا، هاووڵاتییان دەتوانن پەیوەندیی بەو ژمارە تەلەفۆنانەی خوارەوە بکەن، هەروەها فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بە هاوکاری دامەزراوەکانی حکوومەتی تورکیا، رەزامەندی وەرگرتووە کە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بە پاسپۆرتی عێراقی لە هەر فڕۆکەخانەیەکی ناوچەکە بتوانن بێ ڤیزای پێشوەختە بە هێلی ئاسمانی تورکش ئێرلاینس یان هەر هێلێکی دیکە بگەڕێنەوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئیستانبوڵ یان سەبیحە و لە گەڵ گەیشتن ڤیزای ترانزێتی پێنج رۆژ وەردەگرن و لەوێشەوە دەتوانن بە زەمینی یان بە هێڵی ناوخۆیی تورکیا گەشت بکەن بۆ یەکێک لە فرۆکەخانەکانی نزیک لە سنووری هەرێمی کوردستان و، لەوێشەوە بە دەروازەی نێودەوڵەتی ئیبراهیم خەلیل بگەڕێنەوە کوردستان.
ژمارە تەلەفۆنەکان:
9647508035680
9647508035681
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، باسی لەوەش کرد، ئەو هاووڵاتیانەی لە وڵاتانی ئەورووپا لە فرۆکەخانەکان ماونەتەوە و بە پاسپۆرتی عێراقی (فیزای شینگن)یان هەیە، دەتوانن بە ئۆنلاین ڤیزای تورکی وەربگرن یان بێ ڤیزا بگەڕێنەو.
لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، لە هەردوو دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل و حاجی ئۆمەران، تیمەکانی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و وەزارەتی ناوخۆ، ئامادەکاری پێویستیان کردووە بۆ خێرا راپەڕاندنی ئەرکی هاونیشتیمانیان کە لە ئێران یان لە تورکیا بە رێگەی زەمینی دەگەڕێنەوە.