ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ژمارەیەک دامەزراوەی تاران
هاوکات لەگەڵ هێرشەکانی ئێران بۆ سەر حەیفا، ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ژمارەیک دامەزراوە لە تاران.
شەممە 14ـی حوزەیرانی 2025، وەزارەتی نەوتی ئێران ڕایگەیاند، ئیسرائیل هێرشی کردووتە سەر دوو کۆگەی نەوت، کە بە هۆییەوە ئاگرێکی گەورە لەو دوو کۆگانە کەوتووتەوە.
بەگوێرەی وزارەتەکە، کۆگای شەهران لە باکووری ڕۆژئاوای تاران و کۆگای عەسەلوویە لە باشووری شارەکە کراونەتە ئامانج.
هەروەها کەناڵ 14ـی ئیسرائیلی بڵاوی کردووەتەوە، ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر وەزارەتی بەرگری، بارەگای ئەتۆمی، تاقیگە ئەتۆمییەکان و دامەزراوە نەوتییەکان لە تاران.
لای خۆشیەوە ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێرانی، دووپاتی کردەوە کە بارەگای سەرەکی وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکەی لەلایەن ئیسرائیلەوە بە ئامانج گیراوە.
هاوکات ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی: تاران دەسووتێت.
ئەمەش لە کاتێک دایە، کەمێک پێش ئێستا ئێران لە ژێر ناوی " بەڵێنی ڕاستگۆیی 3" چەندین مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئاراستەی ئیسرائیل کرد.
بە پێی ئاژانسە هەواڵە عەرەبییەکان، ژمارەیەک مووشەک لە شاری حەیفا کەوتوونەوە خوارەوە و بەهۆیە باڵەخانەیەکی شارەکە گڕی گرتووە.