ژمارەی قوربانیانی ئیسرائیل گەیشتە نزیک 300 کەس
لە ئەنجامی هێرشەکانی دوو ڕۆژی ڕابردووی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل 10 کەس کوژراون و زیاتر لە 270 کەسی دیکەش برینداربوونە.
یەکشەممە 15ـی حوزەیرانی 2025، ڕۆژنامەی جیرۆزالیم پۆست بڵاوی کردووەتەوە، لە دواهەمین هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل سێ کەس کوژراون و نزیکەی 100 کەسی دیکەش بریندابوونە کە 10ـیان برینەکەیان سەختە.
هەروەها باسی لەوەش کردووە، ژمارەی قوربانیان لە هێرشەکانی دوو ڕۆژی ڕابردوودا گەیشتە 10 کەس کوژراوە و زیاتر لە 270 بریندار.
کاتژمێر 3:10 خوولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ جارێکی دیکە زەنگی ئاگادارکردنەوە لە سەرتاسەری ئیسرائیل لێدرا و دەیان مووشەکی بالیستی ئێران گەیشتە ئاسمانی تەلئەڤیڤ و چەند ناوچەیەکی دیکەی ئەو وڵاتە.
سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو، چاودێری هەڵدانی دەیان مووشەکی بالیستی ئێرانیان کردووە و سیستەمی بەرگری بەرپەرچیان دەداتەوە.
جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل پێیناوەتە سێیەم ڕۆژە، هاوکات ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنەکانی بەناوی'هەستانەوەی شێر' و ئێرانیش ئۆپەراسیۆنەکانی بە ناوی 'بەڵێنی ڕاستگۆی 3' دەستی پێ کردووە.