مەسجدی: ئەمەریكا عێراقی كردووەتە مەیدانی شەڕ دژی تاران

باڵیۆزی ئێران لە عێراق: ئەمەریكا سەرچاوەی نا ئارامییە لە ناوچەكە

K24 - ھەولێر

باڵیۆزی ئێران لە عێراق رایدەگەیەنێت، ئەمەریكا عێراقی كردووەتە مەیدانی شەڕی دژ بە تاران.

ئیرەج مەسجدی، باڵیۆزی ئێران لە عێراق لە دیدارێكدا لەگەڵ ماڵپەڕی ئەلمۆنیتۆری ئەمەریكی رایگەیاند، ئەمەریكا عێراقی كردووەتە مەیدانی شەڕی دژ بە تاران.

جەختیشی كردەوە: "بوونی ئەمەریكا بووەتە ھۆی نا ئارامی لە ناوچەكە و گەشەپێدانی تیرۆر. لەگەڵ ئەوەشدا ھاوكارییەكانمان بۆ عێراق لەسەر بنەمای مانەوە یان نەمانەوەی ئەمەریكا نییە لە عێراق".

مەسجدی ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەوان ھیوادارن بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق جێبەجێ بكرێت، دەربارەی دەركردنی ھێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق، "چونكە ئەمەریكا بە ئاشكرا سەركردەیەكی ئێرانی كوشت كە میوانی عێراق بوو"، مەبەست لێی قاسم سولەیمانییە.