بەڕێوەبەری گومرگی ڕاپەرین بۆ کوردستان24: جموجۆڵی بازرگانیی دەروازەی کێلێ بەردەوامە

بەڕێوەبەری گومرگی ڕاپەرین بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند :وەستانی جموجووڵی بازرگانی لەدەروازەی سنوری کێلێ دوورە لە ڕاستی و هاتوچۆ لە دەروازەکە بەردەوامە.

یەکشەممە 15ـی حوزەیرانی 2025، بەشێک لە میدیاکان بڵاویان کردەوە بەهۆی بۆردومانی سنووری کێلێ، دەروازەی کێلێ داخراوە کە جووڵەی بازرگانی و گەشتیاریی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستانی لێوە دەکرێت.

عەباس عەزیز، بەڕێوەبەری گومرگی ڕاپەرین، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: درۆن، یاخود فڕۆکە بۆردومانی شاخی دووپەزەی کردووە و تەنها بۆ ماوەی پێنج خولەک دەروازەکە داخرا، دواتر هاتوچۆی گەشتیاری و بازرگانی دەستی پێ کردەوە و ئێستا هیچ گرفتێکی نییە، دەروازەکە کراوەیە و بارهەڵگرەکان هاتوچۆی پێدا دەکەن.

چەند شۆفێرێکی هەرێمی کوردستان کە هاتوچۆی بازرگانی بازاڕچەی سەردەشت دەکەن بەکوردستان24ـیان گوت : جووڵەی بازرگانی بەردەوامە و ئەمڕۆ باریان بۆ هەرێمی کوردستان هێناوە، تەنها ئەوە نەبێ ئەمڕۆ پایەگایەکی سەربازیی ئێران، لەنزیک بازاڕچەی سەردەشت، لەترسی بۆردومان چۆڵ کراوە .