لە ھەفتەیەكدا 132 كەس لە ھەرێمی كوردستان بە كۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە
لە ماوەی ھەفتەیەكدا 3 ھەزار و 520 كەس تووشی كۆرۆنا بوونە
K24 – ھەولێر
وەزارەتی تەندروستی ھەرێمی كوردستان ئاماری ھەفتەیەكی كۆرۆنای بڵاوكردەوە، بەگوێرەی ئامارەكە لەماوەی ھەفتەیەكدا 132 كەس بەھۆی كۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە. بەراورد بە ھەفتەی پێشتر ژمارەی تووشبووان و رێژەی گیان لەدەستدان بە كۆرۆنا كەمیكردوە.
لە ئامارەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە، لە ھەفتەیەكدا 3 ھەزار و 520 كەس تووشی كۆرۆنا بوونە و 3 ھەزار و 154 تووشبووی دیكەش چاكبوونەتەوە.
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی تەندروستی لە ماوەی ھەفتەیەكدا پشكنینی كۆرۆنا بۆ 30 ھەزار و 573 كەس كراوە.
بەراورد بە ئامار ھەفتەی پێشتر، رێژەی تووشبوون بە كۆرۆنا و گیان لەدەستدان بەو ڤایرۆسە لە ھەرێمی كوردستان كەمیكردووە، وەك لە ئاماری ھەفتەی پێشتر خرابووەروو لە 14/7/2020 تا 20/8/2020، لەو ماوەیەدا 163 كەس گیانیان لەدەستداوە و 3 ھەزار و 712 كەس تووشی كۆرۆنا بوونە.
تائێستا 27 ھەزار و 621 كەس لە ھەرێمی كوردستان تووشی كۆرۆنا بوونە، لەو ژمارەیەدا 17 ھەزار و 386 كەس چاكبوونەتەوە و ھەزار و 32 كەسیش گیانیان لەدەستداوە.

